بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مارتین گریفیتس جێگری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆڤدۆستانە ڕاپۆرتێکی لە سەر دۆخی مرۆڤی لە سوریا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە زیاتر لە سەدا 90 ی خەڵکی ئەم وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاریدان.
ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی مرۆڤی لە سوریا، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە بەپەلە هاوکارییەکانی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی گیانی ملیۆنان کەس لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا ڕەوانەی ئەم وڵاتە بکەن.
گریفیتس جەختیکردەوە کە بەدەر لە هەژاری و قەیرانی کەم ئاوی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک، سوریا جارێکی دیکە ڕوبەڕوی هەڵکشانی ئاماری توشبووانی کۆرۆنا بووەتەوە، وێڕای ئەوەی کە هاتنی وەرزی سەرماش کێشەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە زیاتر دەکات.
وتیشی کە نزیکەی 2 ملیۆن کەس کە زۆربەیان ژنان و منداڵانن لەو کەمپانەدا ژیان بە سەر دەبەن کە لە بەرامبەر ڕەشەبا و باران و گۆڕانکارییە وەرزییەکاندا پارێزراو نین./.