بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداریی لە دووەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران کرد و ڕایگەیاند کە مۆسکۆ پاڵپشتی لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەفغانستان دەکات، ئەم وڵاتە دەبێت لە خاڵی سفرەوە دەست پێبکات و خەراپییەکان قەرەبوو بکاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دۆخی ئێستای ئەفغانستان ئەنجامی ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە بووە و لە ئێستادا مۆسکۆ پاڵپشتی لە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان دەکات و دانیشتووانی ئەم وڵاتە دەبێت بزانن کە مافەکانی ئەوان مسۆگەر و جێبەجێ دەکرێت.
لاوڕۆڤ وتی: دەبێت لە سەرجەم توانا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ئەفغانستان کەڵک وەربگیرێت و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەبێت ڕۆڵی هەماهەنگیی هەبێت.
وتیشی کە هەڵوێستی وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەی تاران لێک نزیکە و ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەری بەدیهاتنی ئاشتی لە ئەفغانستان بێت./.