بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەدا حوسێن مالیکی کە ئێستا ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانە، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی گرنگی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکدا هەیە و بوونی لە هاوکێشەکاندا هۆکاری سەقامگیری زیاتری ناوچەکەیە.
ناوبراو وتی: ئێران و وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان دەتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە و داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکەکەی بگێڕن.
مالیکی وتیڵ: بە پێی پێکهاتەی نەتەوەیی و دانیشتووانی ئەفغانستان، وڵاتانی دراوسێ لە سەر ئەوە کۆدەنگن کە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لەم وڵاتە دەبێت ڕێکەوتنی پێکهاتەکانی لە سەر پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە دواوە بێت.
ناوبراو وتی: ئەو وڵاتانەی کە کاریگەرییان لە سەر تاڵیبان هەیە دەبێت ئەم گرووپە بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە بەشداری سەرجەم پێکهاتەکانی ئەفغانستان هان بدەن و هیوادارین کۆبوونەوەکەی تاران بتوانێت ئەم ئامانجە مسۆگەر بکات کە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.
باڵیۆزی پێشووی ئێران ناسەقامگیری ئێستای ئەفغانستانی بە ئەنجامی داگیرکاریی ئەمریکا ناو برد و وتی: ئەمریکییەکان بەو شکست و کشانەوەی نابەرپرسیارانەی خۆیان ئەفغانستانیان بەم دۆخەوە هێشەوە و ئێستا مافی ئەوەیان نییە لە سەر ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لێدوان بدەن.
فەدا حوسێن مالیکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستانی لە تاران بە پیشاندەری هێزی وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر ئەمریکا ناو برد و وتی: وڵاتانی دراوسێ دەتوانن لە سەر پرسی ئەفغانستان بڕیار بدەن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەستەبەر بکەن و هیچ هێزێکی بێگانە ناتوانێت ئاسایشی ناوچەکە دابین بکات./.