بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو بەیاننامەیەدا کە بووەتە جێی سەرسوڕمانی چاودێرانی سیاسی عێراق، پێش ئەوەی کە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پەسەند بکرێت، پێشوەختە ئەنجامەکەی پەسەند کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە چەشنێک کودەتای سیاسی بە بەشداری نێودەوڵەتی بۆ دوورخستنەوەی لایەنێکی دیاریکراو لە پرۆسەی دەسەڵات لە عێراق ناو براوە.
شرۆڤەکاران دەڵێن کە دەنگی سەرجەم ئەو گرووپانەی کە بە ناوی لایەنگرانی بەرەی خۆڕاگری و دژ بە هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی دەناسرێن لەم خولەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوازێکی بەرچاو دابەزیوە و هەر ئەمەش وایکردووە کە ئەو گرووپانە و لایەنگرانی ئەوان ناڕەزایەتی دەرببڕن.
هاوپەیمانی فەتح کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 وەک دووەم براوەی هەڵبژاردنەکان خاوەنی 48 کورسی بوو، لەم خولەدا تەنیا 17 کورسیی بە دەست هێنا و گرووپەکانی نیشتمانی (ڕەوتی حیکمەی سەید عەمار حەکیم و هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی) کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو پێکەوە خاوەنی 61 کورسی بوون لەم خولەدا تەنیا 4 کورسییان بە دەست هێنا.
العقد الوطنی بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە هاوپەیمانی لە گەڵ گرووپی هاوپەیمانانی حەیدەر عەبادی 15 کورسیی بە دەست هێنا، لەم هەڵبژاردنانەدا تەنیا 5 کورسیی هەبووە. تەنیا لایەنێک کە لەم خولەدا دەنگەکانی بەرز بووەتەوە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بە 34 کورسییە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا خاوەنی 24 کورسی بووە.
هەر بۆیە لایەنگرانی ئەم لایەنانە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی خۆیان و جەخت لەوەش دەکەنەوە کە دەستێوەردانی دەرەکی و پیلانی هەندێک وڵاتی وەک ئەمریکا و بەریتانیا بووەتە هۆکاری دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق.
ئەو لایەنانە و لایەنگرانی ئەوان بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەنجامەکان و ڕاستییەکان داوای هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان دەکەنەوە بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێگریی لەمە کردووە و تا ئێستا زۆربەی سکاڵاکانی ڕەتکردووەتەوە.
لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی سکاڵا یاساییەکان، ئەشواق کەریم، ئەندام لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، ڕایگەیاندووە کە بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی دەستکاریبوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەردەستە بەڵام کۆمیسیۆن بە هۆی ئەوەی کە بەڵگەکان دەبێتە هۆی دەرخستنی ڕاستییەکان، سەرجەم سکاڵاکانی ڕەتکردووەتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە قبووڵکردنی سکاڵاکان بە واتای گەڕانەوە بۆ هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکانە و ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات، سەرجەم ڕیسواییەکان ئاشکرا دەبن.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە زۆربەی سکاڵاکان کە زیاتر لە 1300 سکاڵا بووە ڕەتکراونەتەوە و تەنیا 397 سکاڵا قبووڵ کراوە.
کۆمیسیۆن ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە میانەی تاوتوێکردنی 295 سکاڵا، تەنیا یەک سکاڵای قبووڵ کردووە و ئەوانی دیکەی بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ڕەتکردووەتەوە.
هەر بۆیە ئەم بڕیارانەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجومەنی دادوەری کە لە ناو کۆمیسیۆن سەرقاڵی تاوتوێکردنی سکاڵاکانن، بووەتە جێی گومانی لایەنە سیاسییە ناڕەزاکان و لایەنگرانی ئەوان.
لەم هەلومەرجەدا، چاودێران دەڵێن کە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپەلە و بۆ پاڵپشتی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرکراوە و کۆمەڵگای عێراقی بە سەر دوو بەرەی ڕەزا و ناڕەزای ئەو بەیاننامەیە دابەش کردووە.
موقتەدا سەدر، پاڵپشتی لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش
ئیحسان شمەری سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی هزری سیاسی کە لە لایەنگرانی دەرکردنی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، دەرکردنی بەیاننامەکە بە هەندێک پەلەکردن و جێی سەرسوڕمان ناو دەبات.
ناوبراو وتی کە لە ڕابردوو وێنەی نەبووە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەم پەلەیە بەیاننامەیەک بۆ پاڵپشتی لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربکات.
موقتەدا سەدر کە هاوپەیمانییەکەی بە 73 کورسی، بەردەوام براوەی هەڵبژاردنەکانە، بۆ یەکەم جار لە تویتێکدا پاڵپشتی خۆیی بۆ هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و بە کاردانەوەیەک لە بەرامبەر وێنەی جوانی دیمۆکراسیی عێراق ناوی بردووە.
ناوبراو هەروەها بەرامبەر بە ناڕەزایان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە نابێت وڵات بەرەو ناسەقامگیری و ئاڵۆزی ببەن و دۆخی سیاسی لەمە زیاتر تووشی کێشە و قەیران بێت.
مەسرور بارزانی ئەندامی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش پێشوازیی لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمە چاودێرەکانی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەورووپا لە هاوکاریکردنی تەکنیکی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.
گرووپەکانی خۆڕاگری، دژی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی فەتح لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی کە دەزگای دادی عێراق بەرامبەر بەم وڵاتە و بەرژەوەندییەکانی زۆر جێی دڵنیاتر لە لایەنە نێودەوڵەتییەکانە کە بۆ وڵاتی ئێمە خێر و بەرژەوەندییان ناوێت.
بزوتنەوەی مافەکان نزیک لە گرووپی خۆڕاگری کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق کە لە هەڵبژاردنەکاندا تەنیا یەک کورسیی بە دەست هێناوە، هەڵوێستی دژ بە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بووە.
عەلی فەزلوڵڵا وتەبێژی ئەم لایەنە سیاسییە ڕایگەیاند کە بەیاننامەکە چەشنێک پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی عێراقە.
ناوبراو لەو کەسانەیە کە پێی وایە جنین هنیس پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ڕۆڵی گەورەی لە دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا هەبووە و ڕایگەیاندووە کە ئاساییە ئەنجومەنی ئاسایش بەم شێوازە بۆ پاڵپشتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەیاننامە دەربکات، لە بەر ئەوەی کە پلاسخارت بێلایەنیی نەپاراستووە و هەڵبژاردنەکانی بە تەندرووست و شەفاف بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس کردووە.
شرۆڤەکارێکی عێراقیش پێی وایە کە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بێهیواکردنی خۆپێشاندەران و ئەو کەسانەیە کە لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
حازم ئەحمەد فەزالە لە نووسینێکدا کە لە میدیا عێراقییەکاندا بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگای ئەو بەیاننامەیەوە دەیەوێت پاڵپشتی لەو پرۆسەیە بکات کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق جێبەجێی کردووە و لە هەمان کاتدا دەیەوێت پلاسخارت لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون پاک بکاتەوە.
هەروەها محەممەد سادق هاشمی سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پیشان دەدات کە پلاسخارت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەیدا پاڵپشتی تەواوی ئەنجومەنەکەی لە گەڵ بووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەیاننامەکە پیشاندەری ئەو پیلانانەیە کە ڕووی لە شێعەکانی عێراق کردووە و هەڕەشەیەک ئاشکرا دەکات کە گۆڕانکارییەکانی دواتر لە عێراق بە تەواوی لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی ئاسایشدا دەبێت.
بە لای هەندێکی دیکەوە، بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش پیشان دەدات کە مستەفا کازمی لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا دەمێنێتەوە.
هەر بۆیە بەیاننامەکە نەک تەنیا کۆنتڕۆڵی قەیرانی پاش هەڵبژاردنەکانی لە عێراق نەکردووە بەڵکوو کەلێنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەی زیاتر کردووە و ئەو بڕوایەی لای بەشێکی زۆری خەڵک و لایەنە سیاسییەکان هێناوەتە پێشەوە کە عێراق ڕوبەڕوی مەترسی و هەڕەشە و پیلانێکی نێودەوڵەتی بووەتەوە./.