بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەڵمان شوفاڵ باڵیۆزی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئەمریکا کە دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەو ڕژێمەیە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە نزیکبوونەوەی تاران و ڕیاز، وتی: هەنگاوەکانی سعوودیە و ئێران ئەگەرچی بە شێوازی کاتی و بچووک پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە بەرەو باشتربوون ببات بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی پێکهێنانی سیستەمێکی نوێی ناوچەیی و لێکەوتەی زۆری لە سەر ئیسرائیل دەبێت.
ناوبراو وتی: نیشانەکانی نزیکبوونەوەی نێوان سعوودیە و ئێران لە شەش مانگی ڕابردوو ئاشکرا بووە و هەرچەندە بەرژەوەندییەکان و سیاسەتی گشتی و سەرەکیی ئەو دوو وڵاتە گۆڕانکاریی بە سەردا نەهاتووە و وەک ڕابردوو ماوەتەوە، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە هەر دوو وڵاتی تێدا دەژیا گۆڕاوە، لە بەر ئەوەی کە سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و هەروەها ئیسرائیل لە سەردەمی ترەمپ لێکدانەوەی وەهایان هەبوو کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سیاسەتەکانی ئێران بە تایبەت لە دۆسیەی ناوەکی و بوارەکانی دیکەش دەتوانن پشت بە واشنتن ببەستن بەڵام هەوڵەکانی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا لە پێناو زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی و گرنگینەدان بە هاوپەیمانەکانی خۆی لەم بوارەدا و مەترسی لە دەستدانی ئەو پاڵپشتییە دیپلۆماسییەی ئەمریکا و هەروەها ئەگەری لە دەستدانی پاڵپشتییە سەربازییەکانیش لە داهاتوودا، سعوودیە و تەنانەت وڵاتانی دیکەی وەک میسر و ئەردەنی بەوە گەیاندووە کە بیر لە نزیکبوونەوە و پیشاندانی سیاسەت و هەڵوێستێکی نەرم لە بەرامبەر ئێران بکەنەوە.
ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: سیاسەتی ترەمپ لە گوشارە سیاسی و ئابورییەکانی سەر ئێران سەرکەوتوو بووە بەڵام بە هاتنەسەرکاری بایدن ئەو سیاسەتە لە ناو برا.
وتیشی: سعوودیە دەزانێت کە لە پاش تیرۆری جەمال خاشقچی ئەو پێگەی جارانەی لە کۆنگرێسی ئەمریکا و هەروەها لە نێو خەڵکی ئەم وڵاتەدا نەماوە و گرنگتر ئەوەی کە بایدن هیچ دەرفەتێک بۆ ڕووخاندنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە کۆنەکانی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست نادات و ئەمەش هەمان لێکدانەوەیە کە تا ئێستا لە لایەن ئەم حکومەتەی ئێستای ئیسرائیلەوە هەستی پێنەکراوە.
زەڵمان شوفاڵ بە ئاماژە بە لاوازبوونی هاوپەیمانیی دژ بە ئێران بە نزیکبوونەوەی تاران و سعوودیە، وتی: لە نێوان تاران و ڕیاز ڕێکەوتنێک بۆ دابەشبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و ئەگەر ئەمەش بە ئاشکرا ڕانەگەێندرێت، هەنگاوی کاتی و بچووک بۆ بەدیهاتنی ئەو ڕاستییە لە نێوان ئەواندا هەیە و ئەم دۆخەش کاریگەریی لە سەر ئیسرائیل دەبێت./.