بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل کەریم بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق لە گەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا کۆبووە.
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای وەبەرهێنانی کارەبای عێراق و پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری وزەدا بووە.
باڵیۆزی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتانەی ئامادەیە وێستگەیەکی وەبەرهێنانی تایبەت بە هەناردەی کارەبا بۆ عێراق لە خاکی خۆیدا بکاتەوە کە کارەبای بەرهەمهێنراوی ئەو وێستگەیە تەنیا بۆ عێراق بێت بەڵام ئەمەش پێویستی بە واژۆکردنی ڕێکەوتننامە و گرێبەست هەیە و هەروەها پێویست بەوەش دەکات کە هەر دوو لا لە سەر نرخی کارەباکەش بگەنە ڕێکەوتن.
بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق پێشوازیی لە پرۆژەکەی ئێران کرد بەڵام ڕایگەیاند کە حکومەتی بەغدا تەنیا بۆ ماوەی 5 ساڵ ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستە و لەم ماوەیەدا چەندین پرۆژەی پەرەپێدانی سیستەمی کارەبا بە تایبەت لە ڕێگای وزەی خۆرەوە جێبەجێ دەکات./.