بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاشم ئەلکەندی سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق، وتی: ئەمریکا هەوڵی ئەوەیدا کە حیزبە ئیسلامییەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و دەسەڵاتی عێراق دوور بخاتەوە بەڵام شکستی هێنا و بەردەوام حیزبە ئیسلامییەکانن کە دەسەڵاتی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوەیە.
ئەلکەندی وتی: ئەمریکا هەوڵی دەدا کە سەرجەم شکستەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق بۆ حیزبە ئیسلامییەکان بە تایبەت شێعەکان بگەڕێنێتەوە بەڵام هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەم ئەوەی سەلماند کە سەرەڕای تێبینی و نیگەرانییەکان لە ئەنجامەکەی، خەڵک هێشتا متمانەیان بە حیزبە ئیسلامییەکان هەیە.
ناوبراو وتی: گەلی عێراق ئەو پەیامەی گەیاندە ئەمریکا کە بەردەوام خوازیاری مانەوەی وڵاتەکەیانن لە دەستی حیزبە ئیسلامییەکان و پاراستنی حەشدی شەعبی.
ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە بە ئاماژە بە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەمریکا یەکڕیزی عێراقییەکانی کردووەتە ئامانج، ئەم پیلانەش تەنیا بە شەڕی نێوان شێعەکانەوە سنوردار نابێت بەڵکوو واشنتن پەرە بە ناکۆکییەکانی نێوان شێعە – شێعە، سوننە – سوننە و کورد – کورد دەدات تا لەم ڕێگایەوە عێراق لە بەرامبەر پلان و پرۆژەکانی خۆی لاواز بکات، لە سەروی پرۆژەکانیشەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەبینرێت.
هاشم ئەلکەندی وتی کە ئەمریکا تەنانەت لە ڕێکەوتنەکەی عێراق و چین دەستوەردانی کرد و ڕێگریی لە جێبەجێکردنی کرد.
ناوبراو یەکڕیزی تەواو و هاوکاریی بە تەنیا ڕێگای پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە عێراق ناو برد./.