بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” و بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی “شەوکەت ئەمین کورکی” دەرهێنەر و هەروەها “ئاڤان جەماڵ” و “حوسێن حەسەن” ئەکتەرانی ئەم فیلمە کوردییە، لە کاتژمێر 7:30ی ئێواڕێی ڕۆژی پێنجشەمە 14ی ئۆکتۆبەری 2021 وەکوو فیلمی دەستپێکی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “بەڕلین” نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا و پاشان کۆڕیی وڵام و پرسیاریی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەگەڵ ئامادەبوواندا لە هۆڵی سینەما “بابیلۆن” لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
“شەوکەت ئەمین کورکی” لەم خولەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “بەڕلین”، سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”ی ئەم ڕووداوە هونەرییە وەکوو گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لە سەرتاسەری ئەورووپای لە ئەستۆدایە.
“ئەزموون” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیرانا” Tirana لە شاری تیرانا لە وڵاتی ئەڵبانیا نمایشکرا و خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییەی باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار Oscar® qualifying؛ بە هاوبەشی بە “شەوکەت ئەمین کورکی” و “محەمەد ڕەزا گەوهەری” سیناریۆنووسانی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەخشرا.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” بەرهەمی کومپانیای “میتوس فیلم”ی بەڕلین و کومپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی که بە پاڵپشتی وەزارەتی روشنبیری و لاوانی حکوومهتی هەرێمی کوردستان بهرههمهاتووه، لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “بەڕلین” لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” mîtosfilm ئەڵمانی بە بەرپرسیاریی سینەماکاری کورد “مەمەد ئەکتاش” Mehmet Aktas، بە دەرهێنانی هونەریی “کانی مەعرووف” Kani Maroufفیلمسازی کورد و بە نمایشی 44 فیلم لە سینەماکارانی کورد و وڵاتانی بیانی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چیرۆکی، بەڵگەفیلم، ئەزموونی، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم” و هەروەها بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی “کورتە فیلم” بە شێوەی ئامادەبوون و بە ڕچاوگرتنی هەموو ڕێکارە تەندروستییەکان و هەروەها بە شێوەی ئۆنلاین بۆ هۆگرانی هونەریی سینەما لە سەرتاسەری دنیا لە ڕۆژانی 14 تا 20ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سینەماکانی “بابیلۆن” BABYLON، “مۆڤیمێنتۆ” Moviemento و “ئێف.ئێس.کێی” FSK لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.