بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مزگەوتی گەوهەرشاد کەوتووەتە بەشی باشوری گڵکۆی پیرۆزی حەزرەتی ئیمام ڕەزا (ع) و یەک لەو شوێنانەیە کە بێگومان هەر گەشتیارێک لە سەردانیکردنی مەشهەد دەیبینێت.
مزگەوتی گەوهەرشاد کە بە مزگەوتە چوار هەیوانییەکان دادەنرێت، لە ڕووی بیناسازییەوە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە و ڕوبەری گشتیی ئەم مزگەوتە 9410 مەتری چوارگۆشەیە و بە گەورەترین مزگەوت لە کۆمەڵەی بارەگای ڕەزەوی هەژمار دەکرێت. کۆنترین مزگەوتی ئەو کۆمەڵەیە و کەوتووەتە باشوری گڵکۆی پیرۆزی ئیمام ڕەزا (ع).
مزگەوتی گەوهەرشاد لە سەر فەرمانی گەوهەرشاد ئاغار، کچی ئەمیر غەیاسەدین هاوسەری شاهڕۆخی تەیموری و لە سەردەمی پارێزگاریی کوڕەکەی بە ناوی بایسونقۆر میرزا لە ساڵی 794 لە بەشی باشوری گڵکۆی ئیمام ڕەزا (ع) بونیاد نراوە. خاتوو گەوهەرشاد لە ژنە ناسراوەکانی سەردەمی تەیمورییەکان بووە و لە کاروباری حکومیدا ڕاوێژی بە میری ئەو کاتە دەدا. ناوەکەی لە دوو شوێنی مزگەوتەکە بە نووسینی زۆر جوانی شازادە بایسونقۆر میرزا بە یادگار ماوەتەوە.
ئەندازیاری درووستکردنی مزگەوتی گەوهەرشاد قەوامەدین بن زەینەدین شیرازی، ئەندازیاری ناسراوی سەردەمی تەیمورییەکان بووە و بۆ درووستکردنی مزگەوتەکە کەڵکی لە شێوازی بیناسازی ئیسلامی – ئێرانی وەرگرتووە. لە ڕووی بیناسازی و مێژووییەوە بە یەکێک لە گرنگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی مەشهەد و پیشەسازی بیناسازی ئێرانی – ئیسلامی دادەنرێت کە هەموو ساڵێک ژمارەیەک زۆر گەشتیار و زیارەتکار بۆ خۆی ڕادەکێشێت.
ئەم مزگەوتە جێی بایەخی گەشتیارانی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی بیناسازی و مێژوو و هونەرە. سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە شەش سەدە بە سەر درووستبوونیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا لە ڕووی بیناسازییەوە مانەوەی پارێزراوە. ئەگەرچی لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا و زیاتر لە شەڕەکانی وەک هێرشی ئۆزبەکەکان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا بە جوانییەکەی سرنجی هەر کەسێک ڕادەکێشێت. لە پاش ئەو هێرشە لە لایەن شا عەباسی سەفەوی نۆژەن کرایەوە. لە قۆناغەکانی دواتریش بە هۆی بومەلەرزەی مەشهەدەوە زیانی بەرکەوت و لە سەردەمی قاجاڕەکاندا نۆژەن کرایەوە.
یەکێک لە ڕووداوە گرنگە مێژووییەکانی ئەم مزگەوتەش ئەوەیە کە بە سەردانیکردنی تورکیا لە لایەن ڕەزا شاوە، هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی بنەما مەزهەبییەکان و داب و نەریتی ڕەسەنی خەڵکی ئێران ڕووی لە زیادبوون کرد. حکومەت فەرمانی بە گۆڕینی پۆشینی جلوبەرگی خەڵک دەرکرد و ئەمەش زانایان و مەرجەعە ئائینییەکانی هێنایە سەر هێڵ کە بە توندی کاردانەوەی خۆیان پیشاندا. ئایەتوڵڵا حاجی ئاغا حوسێن قۆمی و ئایەتوڵڵا سەید یونس ئەردەبێڵی لە پاش چەندین کۆبوونەوە بەو ئەنجامە گەیشتن کە گۆڕینی جلوبەرگ لە کۆتاییدا دەگاتە هەڵگرتنی حیجاب و سەرپۆشی ژنان. ئایەتوڵڵا قۆمی بڕیاریدا سەردانی تاران بکات و لە گەڵ ڕەزاخان وتووێژ بکات. بە گەیشتنی بە شاری ڕەی، پۆلیس شوێنی نیشتەجێبوونی گەمارۆدا. بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ئایەتوڵڵا قۆمی، خەڵک لە شاری مەشهەد لە مزگەوتی گەوهەرشاد بە بەشداری زانایانی ئائینی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ساز کرد، زانایانی ئائینی داوای خۆڕاگرییان لە خەڵک کرد، پاش چەندین ڕۆژ لەو گردبوونەوەی خەڵکە، لە ئاکامدا لە 20 ی پووشپەڕی ساڵی 1314 ی کۆچی هەتاوی هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی مزگەوتەکەیان دا و ڕۆژی پاش ئەوەش خۆڕاگری خەڵکی مەشهەد لە مزگەوتی گەوهەرشاد ڕوبەڕوی توندووتیژی و کوشتاری هێزەکانی حکومەت کرایەوە./.