عەباس فەتاح ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەرکەوتەی کوردە و لە خولەکانی ڕابردوو یەکێتی و پارتی بە پێی ئەوەی کە زۆرترین ژمارەی نوێنەرانیان لە پەرلەمانی عێراقدا هەبووە ڕۆڵیان لە یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستەدا هەبووە و بۆ ئەو ڕێکەوتنە ستراتیژییەی نێوانیشیان دەگەڕێتەوە کە سەرۆکی هەرێمی داوەتە پارتی و سەرۆک کۆماری عێراقیش پشکی یەکێتی بووە، هەموو ئەو لایەنانەی کە نوێنەریان وەک کورد لە بەغدا هەیە بە پێی ئەوەی کە سەرۆک کۆماریش نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکات دەبێت بۆ وەرگرتنی ماف و داواکارییەکانی کورد یارمەتیدەر بن.
ناوبراو سەبارەت بە لێدوانێکی عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە ڕایگەیاندبوو مەسعود بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی لە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت، وتی: ئەگەر مەبەستی ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوە بێت کە پارتی پۆستی سەرۆک کۆماریش وەک حیزب یەکلا دەکاتەوە پێم وایە کە لە بەرژەوەندی کورددا نییە، ئەگەریش مەبەستی ئەوەیە کە مەسعود بارزانی ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی کورددا یەکلایی دەکاتەوە بابەتێکی ئاساییە و هەموو لایەنە کوردییەکان پێکەوە باشتر دەتوانن بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتی: پۆستی سەرۆک کۆمار بە پێی عورفی سیاسی عێراق پشکی کوردە و بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش کە لە نێوان هەر دوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت و ئەگەریش لە ڕێکەوتنێکی دیکەدا ئاڵوگۆڕ بە پشک و پۆستەکاندا بکرێت ئەوا سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری لە سەر دەدات.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد