بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی یەدوڵڵازادە پسپۆڕی باڵا لە نەخۆشی سییەکان، سەبارەت بە هۆکارەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان ڕایگەیاند: چەندین هۆکار لە توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان ڕۆڵیان هەیە کە گرنگترینی ئەو هۆکارانەش جگەرەکێشان و مادە هۆشبەرەکانە و دەبێت لەو شوێنانەش کە جگەرە یان مادە هۆشبەرەکان بەکار دێت دوور بکەونەوە.
ناوبراو کاریگەری جگەرەکێشانی لە سەر توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان بە لە سەدا 80 ناو برد و سەبارەت بەم نەخۆشییە وتی: شیرپەنجەی سییەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆیدا هیچ کێشەیەکی بۆ توشبووەکە نییە و ڕەنگە تەنانەت هەست بەو نەخۆشییەش نەکرێت بەڵام کۆکەی بەردەوام، دابەزینی کێشی جەستە، هەناسەتەنگی، ئێش و ئازاری سنگ، تای شەوانە و نەبوونی حەزی خواردن لە نیشانەکانی توشبوونە بەم نەخۆشییە کە لە قۆناغەکانی پێشکەوتووی دەتوانێت کێشە بۆ توشبووەکە بخوڵقێنێت.
ئەو پزیشکە ئێرانییە وتی: ئەڵبەت سەرجەم ئەم نیشانانە پیشاندەری شێرپەنجەی سییەکان نییە و لە هەر حاڵەتێکدا باشترە سەردانی پزیشک بکرێت.
وتیشی کە شێرپەنجەی سییەکان لە ئەگەری ئاگاداربوون لێی دەتوانێت بە دەرمانە کاریگەرەکان ڕێگری لە پەرەسەندنی بکرێت، واتە بە نەشتەرگەری و دەرمانە کیمیاییەکان دەکرێت ڕێگری لە پەرەسەندنی بکرێت.
دکتۆر مەهدی یەدوڵڵازادە سەبارەت بە پێشگری لەم نەخۆشییە ئاماژەی بە پیسبوونی هەوا دا و وتی: بەدەر لە جگەرەکێشان، پیسبوونی هەواش یەکێکە لە هۆکارەکانی کاریگەر لە توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان، باشترە لە کاتی پیسبوونی هەوا کەمتر لە ماڵەوە بچنە دەرەوە، لە خواردنە لەقوتونراوەکان و خواردنە خێراکان خۆتان بە دوور بگرن، نێرگەلەکێشان زۆر زیانی هەیە و دەبێت لێی دوور بکەونەوە، خواردنی میوە و سەوزەکان ڕۆڵی لە ڕێگری لە شێرپەنجەی سییەکاندا هەیە./.