بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو توێژینەوەیە کە ئەنجامی کاری هاوبەشی ناوەندی توێژینەوەکانی ” مەشرق عەرەبی ” بووە، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە سەدر و مالیکی دەبنە براوەی 42 کورسی پەرلەمان و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە 38 کورسی لە پلەی دووەمدا دەبێت.
توێژینەوەکە بۆ ماوەی 4 مانگ لە ناوەڕاستی 2021 تا ڕۆژی پێنج شەممە 9 ی تشرینی یەکەم بەردەوام بووە و ئامارەکانی نوێ کراونەتەوە.
بە پێی ئەنجامەکانی توێژینەوەی مەشرق عەرەبی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی 42 کورسی، ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی سەید موقتەدا سەدر 42 کورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری 38 کورسی، هاوپەیمانی گرووپە نیشتمانییەکان بە سەرۆکایەتی سەید عەمار حەکیم 20 کورسی، هاوپەیمانی عەقدی وەتەنی بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز 6 کورسی و بزوتنەوەی مافەکان بە سەرۆکایەتی حوسێن مونس براوەی 6 کورسی دەبن.
لە نێو سوننەکانیش بە پێی توێژینەوەکە، پێشبینی کراوە کە هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی 35 کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خنجەر براوەی 19 کورسی دەبن.
هەروەها پێشبینی ئەوەش کراوە کە لە نێو لایەنەکانی هەرێمی کوردستانیش پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی 29 کورسی، هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) 20 کورسی، لایەنە ئیسلامییەکان 6 کورسی و لایەنەکانی دیکە 2 کورسی بە دەست دێنن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک توێژینەوەی دیکە باسیان لەوە کردووە کە نەوەی نوێ لە هەرێمی کوردستان ئەمجارە ژمارەیەک کورسی زیاتر بە دەست دێنێت.
توێژینەوەکە لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە حیزب و لایەنە گەورەکان کە لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوو لە دەسەڵاتدا بوون، ئەمجارەش ڕۆڵی بەرچاویان لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەبێت./.









