بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی هەڵبژاردنی کیشیدا فومیۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی ژاپۆن، هیوای خواست کە زیاتربوونی ڕاوێژ و پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بگاتە پتەوبوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بەم شێوازەیە:
بە ناوی خودای گەورە
جەنابی کیشیدا فومیۆ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن
لە لایەن گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پیرۆزبایی هەڵبژاردنی بەڕێزتان وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتی دۆست، ژاپۆن دەکەم و هیوادارم کە بوونی بەڕێزتان لەم پۆستەدا وەرزێکی نوێی دۆستایەتی نێوان هەر دوو وڵات بکاتەوە. دڵنیام بە پێی پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ژاپۆن و بە هاوکاری هاوبەش، پەیوەندی و هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی، زیاتر لە ڕابردوو پەرە دەستێنێت.
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام هاوکاریکردن بۆ پتەوبوونی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی و پابەندبوونی بەردەوام بە بەڵێن و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان بە ڕەچاوکردنی مافی سەروەری و دەسەڵاتی وڵاتانی سەربەخۆ و پاراستنی مافی گەلان بووە. بەم پێیەش هیوادارم زیاتربوونی هاوکاری و ڕاوێژی نێوان هەر دوو وڵات وەک ڕابردوو بگاتە پتەوبوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان. ئێران و ژاپۆن وەک دوو دۆستی مێژوویی دەتوانن بە پتەوکردنی هاوکارییەکانیان، متمانەی بەرامبەر لە نێوانیان بەهێزتر بکەن.
تەندرووستی و سەرکەوتنی بەڕێزتان و بەختەوەری گەلی ژاپۆن هیوای ئێمەیە./.