بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەکادیمیای پسپۆڕانی منداڵانی ئەمریکا ناسراو بە APP دووشەممەی ڕابردوو ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیی لە سەر توشبوون و مردنی منداڵان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو کردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە هەفتەی ڕابردوو لانیکەم 173 هەزار و 469 منداڵ لە سەرتاسەری ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بوون و 22 منداڵیش بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.
لە ئەمریکا تا ئێستا لانیکەم 5 ملیۆن و 900 هەزار منداڵ تووشی کۆرۆنا بوون و 520 منداڵیش تا ئێستا گیانیان لە دەست داوە.
نوێترین ڕاپۆرتی هەفتانەی ئەکادیمیای پسپۆڕانی منداڵانی ئەمریکا پیشان دەدات کە ژمارەی مردنی منداڵان بە هۆپی کۆرۆناوە لە هەفتەی ڕابردوو لە مامناوەندی هەفتانەی یەک مانگی ڕابردوو زیاتر بووە و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە.
لە یەک هەفتەی ڕابردوو لە ویلایەتی تێگزاس 5 منداڵ بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست دا کە بەراورد بە ویلایەتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە زیاترین ئاماری تۆمار کردووە.
ویلایەتەکانی باشوری ئەمریکا بە هۆی نزمبوونی ڕێژەی بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆۆرنا و هەڵگرتنی سەرجەم قەدەغەکانی تایبەت بەم پەتایە، لە ڕیزی ئەو ناوچانەدان کە زیاترین ئاماری توشبوون و مردنی منداڵانایان بە کۆرۆنا تێدا تۆمار کراوە.
لە ئەمریکا تا ئێستا نزیکەی 44 ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون و نزیکەی 706 هەزار کەسیش بوونەتە قوربانی./.