بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان جەختی لە سەر مافی خۆڕاگری بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم ئامرازە یاساییە و ڕێگاپێدراوەکان بۆ بەرگری لە گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە کردەوە و وتی: حیزبوڵڵا گوشاری هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات لە بەر ئەوەی کە ئامانجمان تەنیا ئازادی و سەربەخۆیی لوبنانە.
ناوبراو وتی: ئێمە قبووڵی ناکەین کە کەسێک دەسدرێژی بکاتە سەرمان و ئەم دەسدرێژییەش بە بێ وەڵام بمێنێتەوە، ئێمە تەنیا بەهێزبوون و ئامادەبوون لە سەرجەم بوارەکاندا قبووڵ دەکەین و درێژە بە خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی دەدەین.
شێخ نەعیم قاسم وتی: پێکهێنانی حکومەتی لوبنان ئەگەرچی درەنگ بوو بەڵام دەسکەوتێکی گەورەی خۆڕاگرییە و لە گەڵ ئەمەش بە هاوردەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە شکستی گەمارۆکانی ئەمریکامان بۆ هەمووان ڕوون کردەوە.
جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان سەبارەت بە سوریا وتی: سوریا لە ڕووی ئابورییەوە بۆ لوبنان گرنگە و لەو ڕێگایەوە دەتوانێت بەشێک لە کێشەکانی چارەسەر بکات، بەدەر لەمەش کێشەی ئاوارەکانی سوریا لە لوبنان چارەسەر دەبێت، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا بە پێی دەستووری لوبنانە و هەندێک تا ئێستا یاسایان پێشێلکردووە./.