بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکارنامەی دەستپێکردنەوەی ڤێزەی گەشتیاریی ئێران دراوەتە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و دەروازە سنورییەکان. هەبوونی کارتی ڤاکسێن، پشکنینی PCR ی نگەتیڤ و بەڵێنی لە بەرچاوگرتنی تەواوی ڕێنماییە تەندرووستییەکان بە مەرجەکانی وەرگرتنی ڤێزەی گەشتیاریی ئێران دانراوە. ئەڵبەت پێدانی ڤێزەی گەشتیاری دانیشتووانی ئەو وڵاتانە ناگرێتەوە کە بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی هێشتا لە ئاستێکی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادان.
سەید عێزەتوڵڵا زەرغامی وەزیری میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی ئێران، وتی: دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆک کۆمار دەکەم بە هۆی هەڵوێستی زانایانە و پاڵپشتییان لە کەرتی گەشتیاری و فەرمانی دەستپێکردنەوەی پێدانی ڤێزەی گەشتیاری.
هەروەها عەلی ئەسغەر شاڵبافیان جێگری گەشتیاریی ئەو وەزارەتەش، وتی: ڕێکارنامەی دەستپێکردنەوەی ڤێزەی گەشتیاریی ئێران دراوەتە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و دەروازە سنورییەکان.
لەو ڕێکارنامەیە کە واژۆی غوڵام حوسێن ئیسماعیلی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی لە سەرە و دراوەتە دامودەزگاکانی وەک وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی گەشتیاری و دەروازە سنورییەکان، هاتووە: پێدانی ڤێزەی گەشتیاری لە سەرجەم دەروازە سنورییە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی هاتووچۆی گەشتیاران لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە یاسایی دادەنرێت.
لە بڕگەیەکی ئەو ڕێکارنامەیەدا هاتووە کە هاتووچۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هاووڵاتیانی ئێرانی و بیانی لە ڕێگای دەروازە سنورییە وشکانییەکانەوە وەک سنورە ئاسمانییەکان بە پێدانی کارتی ڤاکسێن، پشکنینی نێگەتیڤی کۆرۆنا و لەبەرچاوگرتنی ڕێنماییەکانی وەزاتەی تەندرووستی لە سەرەتای مانگی 8 ی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی بە یاسایی دادەنرێت.
هەروەها باسی ئەوەش کراوە کە ئەگەر لە دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای وڵاتانی دراوسێدا هەر گۆڕانکارییەک ببینرێت کە پێویستی بە ڕاگەیاندنی قەدەغە یان سنوردارکردنی هاتنی گەشتیاران بێت، وەزارەتی تەندرووستی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک لایەنی پەیوەندیدار ئەوە ڕادەگەێنێت و بڕیارەکانی دواتریش لە لایەن لێژنە تایبەتمەندەکانی ناوەندی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە دەردەکرێت.
بە پێی بڕگەی سێی ئەو ڕێکارنامەیە، هاتووچۆی گەشتیاران بۆ ئێران لە ڕێگای دەروازە سنورییە وشکانییەکانەوە دەبێت کە لە گەڵ عێراق ناوی ئەم دەروازانە هاتووە: شەلەمچە، مێهران، پەروێزخان، باشماخ، تەمەرچین یان حاجی ئۆمەران.
هەروەها لە ئەگەری ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی ئێران، قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی گشتی و تایبەت لەو سنورانەوە هەڵگیراوە.
ئەگەرچی ئێران لە 19 مانگی ڕابردوو ڤێزەی گەشتیاریی بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە ڕاگرتبوو، بەڵام ڤێزەی دەرمان، بازرگانی و خوێندن بەردەوام لە لایەن نوێنەرایەتییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەوە بە تایبەت لە وڵاتانی وەک عێراق دەردەکرا./.