بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی یارمەتیدەر کرد کە بەپەلە بەڵێنەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی ئەفغانستان جێبەجێ بکەن.
ناتالیا کانم بەڕێوەبەری سندۆقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاند کە بە نزیکبوونەوە لە وەرزی سەرما و لاوازبوونی حکومەتەکەی تاڵیبان لە چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسی قاتوقوڕی لە سەر بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەفغانستان هەیە.
ناوبراو وتی کە دۆخی تەندرووستی و دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان لە ئەفغانستان بووەتە جێی نیگەرانی.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی داوای هاوکاری بەپەلەی دارایی بۆ کەرتی تەندرووستی ئەفغانستان کردووە.
تدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی هۆشداریی داوە کە کەرتی تەندرووستی ئەفغانستان لە ڕووخانی تەواو نزیک بووەتەوە و ئەگەر هاوکاری بەپەلە نەکرێت، مەترسی کارەساتێکی مرۆڤی لە سەر ئەم وڵاتە هەیە.
ئەگەرچی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکی بەپەلەی 45 ملیۆن دۆلاری دەداتە ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار لە کەرتی تەندرووستی، بەڵام پێویستی ئەفغانستان لەمە زیاترە./.