بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیبراهیم کاڵین وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وتی کە ئەنکەرە وەک ڕووسیا و ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە کە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی هێزی سەربازی ڕەوانەی سوریا بکات.
ناوبراو وتی: تورکیا لە ساڵانی 2015 تا 2017 پێشنیاری دابینکردنی ناوچەی ئارامی لە سوریا گەڵاڵە کرد تا خەڵکی کەمتر لەو وڵاتە ناچار بە جێهێشتنی ناوچەکانی خۆیان بن بەڵام دەرفەتەکە لە بار برا و ئێستا بە هۆی هێزەکانی تورکیاوە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ئیدلب ماونەتەوە و کۆچیان نەکردووە.
کاڵین وتی: دۆستانی تورکیا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وا هەڵسووکەوت دەکەن وەک بڵێی ئێمە وڵاتێکی داگیرکارین، بە پێچەوانەوە تورکیا چاوی نەبڕیوەتە خاکی هیچ وڵاتێکی دیکە و بوونی هێزەکانی لە سوریا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆمان و هاووڵاتیانی سوریایە.
ناوبراو حکومەتی سوریا و لایەنەکانی نزیک لە پەکەکەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبار کرد و وتی کە هاوشێوەی ڕووسیا و ئەمریکا مافی ئەوە بە خۆمان دەدەین لە سوریا بین./.