بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنی کەناڵی CNN وتی: ناوچەکەی ئێمە پێویستی بە وتووێژ هەیە، ئێمە دراوسێی یەکترین و دەبێت سەرەڕای ناکۆکییەکان، لە جێی ئەوەی پێکەوە بێگانە بین، لە وتووێژدا بین.
ناوبراو وتی: ئێمە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە گەشبینین.
بەرهەم ساڵح وتی: ناوچەکە ڕوبەڕوی کۆمەڵە کێشەیەک بووەتەوە، لە کاتێکدا کە ئێمە گرنگی بە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی دەدەین، دەبێت ئاگامان لە کێشەکانی داهاتوو و پەیوەندیدار بە دۆخی ئابورییەوە بێت.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: ئەم ناوچەیە پێویستی بە هاوکاری و پلاندانان بۆ دابینکردنی ژێرخانەکان، گەشە و هاوکاری ئابوری، ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هەوڵدان بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی خەڵک وەک هەلی کار، پەروەردە و تەندرووستی هەیە و نابێت چاوەڕوان بین کە کەسانی دیکە ئەمەمان بۆ بکەن و دەبێت خۆمان لە هەوڵدا بین.
ناوبراو وتی: عێراق گۆڕەپانی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە پارە و گیانی عێراقییەکان بووە و دەبێت ئەم دۆخەش کۆتایی بێت.
بەرهەم ساڵح وتی: عێراقێکی خاوەن دەسەڵات و سەروەری و سەقامگیری دەتوانێت شوێنی هاوکاری و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بێت.
وتیشی کە وانەیەک کە لە پاش ڕووداوەکانی ئەفغانستان دەبێت گرنگیی پێبدەین ئەوەیە کە هەر چەندە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەبێت، بێ پاڵپشتی لە حکومەتێکی باش، هیچ سەرکەوتن و بەختەوەرییەک بوونی نابێت.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی کە ڕووداوەکانی ئەفغانستان مەترسی گەشەی گرووپە تیرۆریستییەکان و داعشی زیاتر کردووە.
ناوبراو وتی: گەندەڵی بەربەستی بەردەم حکومڕانییەکی باش و ئاسایش و سەقامگیرییە./.