بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگای کرماشان میراتی زیندووی شارستانیەتی چەندین هەزار ساڵەی ئێرانە و شوێن بە شوێنی پیشاندەری شکۆ و گەورەیی مێژووی خەڵکەکەیە، ئەو مێژوویەی کە ئەمڕۆ لە دیمەنی ئاسەوارەکانیدا دەبینرێت.
ڕەنگە یەکەم جار هەر کەسێک کرماشان بە تاقوەسانەوە بناسێت، کۆمەڵەیەکی پڕبایەخی مێژوویی کە لە مەڵبەندە کۆنەکەی کرماشان بە یادگار ماوەتەوە. ئەم ئاسەوارە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین ئاسەوارە مێژووییەکانی جیهانە کە لە داوێنی شاخێک بەم ناوەدایە و ئاسەوارێکی دەگمەنی سەردەمی ساسانییەکانە.
بەردەنووسی بێستون وەک ئاسەوارێکی گرنگی دیکەی کرماشان نەک تەنیا لە ئێران بەڵکوو ناوبانگی جیهانیشی هەیە. ئەم ئاسەوارە مێژووییە کەوتووەتە 25 کیلۆمەتری شاری کرماشان و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بە هێمایەک لە کەلتور و هونەر و داب و نەریتی خەڵکانی سەردەمی هەخامەنشی ناوی ببەین.
لە نەخشەکانی 2500 ساڵی ڕابردوو ناوی بەگستان بۆ بێستون هاتووە، بەگ بە واتای خودا، ئەڵبەت لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکاندا پیتی بەگ شوێنی بەغی گرتووەتەوە و بەگستان واتە مەڵبەندی پیرۆز.
بێستون بەڵگەیە لە سەر شکۆی مێژوو و بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان، کتێبی مێژووی ئێران و گەورەترین بەردەنووسە لە جیهان و مێژووەکەی بۆ 11 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
هەروەها پەرستگەی ئاناهیتا وەک دووەم بینای بەردینی ئێران لە پاش تەختی جەمشید ناوبانگێکی دیکەی بە کرماشان بەخشیوە. ئەم ئاسەوارە مێژووییەش کەوتووەتە سەر ڕێگای کرماشان – هەمەدان لە شاری کەنگاوەر.
پەرستگەی ئاناهیتا لە سەر گردێکی سرووشتی بە بەرزایی 32 مەتر بونیات نراوە. توێژەران دەڵێن کە ئەم بینایە کۆشکێکی تەواونەکراوی خەسرەو پەرەوێز بووە. هەندێکیش درووستکردنی بیناکە بۆ کۆتایی سەدەی سێهەم و دەستپێکی سەدەی دووەمی پێش زائین و هەندێکی دیکە بۆ سەدەی یەکەمی پێش زائین دەگەڕێننەوە.
بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام باس لەوە دەکەن کە گەشتیاری یەکێک لە ئامرازەکانی گەشەپێدانی وڵاتە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەم کەرتە پێشکەوتنی زۆری بە خۆوە بینیوە، هەرچەندە کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیانی بەرچاوی بە گەشتیاری جیهان بە گشتی گەیاندووە.
کرماشانی دەوڵەمەند بە شوێن و ئاسەوارە مێژووییەکان دەتوانێت لە بواری گەشتیاریدا قسەی زۆری هەبێت. بە دڵنیاییەوە کە لە پاش قەیرانی کۆرۆنا دیسانەوە بزەی پێکەنین بە سەر لێوی گەشتیاریی کرماشانەوە دەبینرێت و تاقوەسان باشتر دەتوانێت پێشوازی لە میوانەکانی بکات./.