بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و بە توندی ئیدانەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی هەولێری کردووە کە تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و ڕژێمی زایۆنیستی کراوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق دژایەتی خۆی بۆ کۆبوونەوەی نایاسایی ژمارەیەک سەرۆک هۆز و کەسایەتی نیشتەجێی هەولێر و داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕادەگەێنێت.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو کۆبوونەوە نوێنەرایەتی خەڵک و دانیشتووانی عێراق ناکات بەڵام هەندێک کەسایەتی هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەکە بە ناوی ئەوانەوە ڕابگەێنن، لە کاتێکدا کە ئەمە تەنیا هەڵوێستی بەشداربووان لە کۆبوونەوەکە بووە و بەدەر لەوەی کە هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق و زیندووکردنەوەی ناکۆکییە تائیفییەکان لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، هەوڵێکە لە دژی ئەو ڕێگایەی کە گەل و حکومەت بۆ پاشەڕۆژی وڵات دیارییان کردووە.
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی ئەم وڵاتە لە پاڵپشتی گەلی فەڵەستین و مسۆگەرکردنی مافی تەواو و ڕەوای ئەو گەلە کردەوە و ڕایگەیاند کە عێراق بە توندی دژایەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل دەکات.
لە بەیاننامەیەکی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتووە کە کۆبوونەوەکەی هەولێر هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنی شەقامی عێراقی و زیان گەیاندن بە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی لەم وڵاتە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هاوشێوەی بەیاننامەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە جەختیکردووەتەوە کە ئەو کۆبوونەوە گوزارشت لە بۆچوونی عێراقییەکان ناکات و تەنیا هەڵوێستی ئەوانەیە کە بەشدارییان تێدا کردووە.
محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکێکی دیکە لەو بەرپرسانە بووە کە لە دژی کۆبوونەوەکەی هەولێر هاتە دەنگ. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هەڵوێستی ئێمە دژایەتییە لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمەش بە چەند بەکرێگیراوێک کە هەوڵی تێکدانی ئەم هەڵوێستە ڕوونەی عێراق دەکەن، تووشی گۆڕانکاری نابێت.
حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکەی هەولێر لە کاتێکدایە کە عێراق بەرەو بەهێزبوون و تەواوبوونی دەسەڵاتەکەی هەنگاو دەنێت و پێویست بوو حکومەتی هەرێم ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی بکردایە.
سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقیش ئیدانەی کۆبوونەوەکەی هەولێری کرد و ڕایگەیاند کە دۆسیەی فەڵەستین، دۆسیەی یەکەمی عەرەبی و ئیسلامییە و پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ گەلی فەڵەستین و دژایەتی داگیرکاران ڕادەگەێنین.
هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە کە بە پێی یاسای عێراقی، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لە هەولێر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەنگاوێکی تاوانبارانەیە و ئەوانەی بەشدارییان کردووە یان یارمەتیدەری بەڕێوەچوونی بوون، بە خائین دادەنرێن و دەبێت دادگایی بکرێن.
سەرۆکی ڕەوتی سەدریش لە تویتەر پەیامێکی بڵاو کردەوە. سەید موقتەدا سەدر کۆبوونەوەکەی هەولێری بە تیرۆریستی ناو برد و وتی کە عێراق بە هیچ شێوازێک پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکاتەوە.
قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقیش لە دژی ئەو کۆبوونەوە ڕایگەیاند کە خۆڕاگری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییە بێدەنگ نابێت.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە کاربەدەستانی ئەم پیلانە دوژمنکارانەیە بە پێی یاسا لێپرسینەوەیان لێدەکرێت و عێراق لە گەڵ گەلی فەڵەستین بۆ هەبوونی وڵاتێکی ئازاد دەمێنێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئاگایی خۆیی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە و جەختیکردووەتەوە کە گوزارشت لە هەڵوێستی هەولێر ناکات.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقیش ڕایگەیاندووە کە دەنگە ناشازەکان گۆڕانکاری لە هەڵوێست و بنەما نەگۆڕەکانی عێراق لە پاڵپشتی گەلی فەڵەستین ناکات./.