بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولمحەممەد تاهیری دیپلۆماتکاری پێشووی ئێران لە ئەفغانستان لە شرۆڤەی هۆکار و ڕەهەندەکانی ناردنی نامەکەی تاڵیبان بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای پێشکەشکردنی وتاری ئەو گرووپە لە کۆڕی گشتی لە نیۆیۆرک، وتی: ناردنی نامەی تاڵیبان بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای پێشکەشکردنی وتاری ئەو گرووپە دەستی پاکستانی لە پشتەوە بووە و لە لایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە جێبەجێ دەکرێت، لەو بڕوایەدام کە بە فەرمی ناسینی تاڵیبان و پێدانی مافی وتار لە نەتەوە یەکگرتووەکان نەک تەنیا کێشەکانی ئەفغانستان چارەسەر ناکات بەڵکوو مەترسییەکی زۆر گەورەشە. لەم نێوەندەدا چین و ڕووسیا پێیان وایە کە ئەگەر ئەمە ڕوو بدات دەتوانن پشکی خۆیان لە تاڵیبان وەربگرن بەڵام گومان لەوەدا نییە کە جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە قەیرانێکی بە دواوە دەبێت. ئەوەی کە گرووپێک بە چەک و کەرەستەی سەربازییەوە هاتوونەتە کابوڵ و حکومەتیان ڕووخاندووە و ئێستا ئەوان لە لایەن گەورەترین دامەزراوەی نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی بناسرێن بێگومان داهێنانێکی نوێیە لە جیهان و دەرگای مەترسییەکانیش بە ڕووی جیهاندا دەکاتەوە.
ناوبراو وتی: بەرپرسانی باڵای پاکستان هەوڵ دەدەن بە هەر شێوازێک تاڵیبان بە فەرمی بناسرێت و لە ماوەی ڕابردووش سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەم بابەتەدا. بەڵام بە بۆچوونی من ئەمە تەنیا خەون و خەیاڵە و ناتوانێت ببێتە ڕاستی. دەبێت گرنگی بەم خاڵە بدرێت کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا لە ئیدارەدانی ئەو وڵاتانەی کە لە ئەورووپا و لە جوگرافیی ئەمریکا بانگەشەی دیمۆکراسی دەکەن، ماوەتەوە و لە هیچ پرسێکدا ناتوانێت گوشاری پێویست لە سەر ئەوان دابنێت، بۆ نموونە، سەبارەت بە مافی مرۆڤ یان گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەرامبەر بەو وڵاتانە نەبینراوە. ئێستا چۆن دەتوانێت لە پاش بە فەرمی ناسینی گرووپێکی چەکدار بە سەریدا زاڵ بێت. ئەمڕۆ تاڵیبان بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ڕێگای پێکەوەبەستنەوەی شەرع و سیاسەتەوە دەیەوێت ئاسایش دابین بکات و ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە لە تاڵیباندا چەندین باڵی جیاواز دەسەڵاتیان هەیە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: هەر ئێستاش لە نێوان سەرۆک وەزیرانی کاتی و جێگرەکانی شەڕێکی ئایدۆلۆژیک دەبینرێت و بەشێک لەو شەڕەش بۆ هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەوان دەگەڕێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی حەقانی بە شێوازێک هەڵسووکەوت دەکات کە لە گەڵ بنەماکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتی هەیە. هەر بۆیە ناتوانین چاوەڕوان بین کە نەتەوە یەکگرتووەکان کورسی بە گرووپی تاڵیبان بدات. تاڵیبان هەوڵی یارییەک دەدات و بەردەوام باس لە گۆڕانکاریش دەکات بەڵام ئەم گرووپە ئەزموونێکی سەردەمیانەی حکومڕانیی نییە. ئەوان دەیانەوێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان ببنە ئەندام و بڵێن چیدی گرووپێکی توندڕۆ نین بەڵام بە بۆچوونی من لە پاش بە فەرمی ناساندنی ئەوان، کێشەکان دوو هێندە زیاتر دەبێت.
عەبدولمحەممەد تاهیری لە کۆتاییدا وتی: تاڵیبان لە ئێستادا گیرۆدەی کێشە ناوخۆییەکان و قەیرانی ئابوری بووە و لە لایەکی دیکەوە کەس داهاتوو و چارەنووسی ئەفغانستان نازانێت، بە شێوازێک کە کۆچکردن، کێشەی تەندرووستی و ئەمنی و … بەردەوام لەم وڵاتەدا ڕوو لە زیادبوون دەکات. لە ئێستادا بەرەو وەرزی سەرما دەڕۆین و بە دڵنیاییەوە شەش مانگی داهاتوو بۆ خەڵکی ئەفغانستان پڕکێشە دەبێت، لە بەر ئەوەی کە تاڵیبان ناتوانێت دۆخەکە بەڕێوە ببات. ئەمەش لە کاتێکدا کە لە ناوخۆی ئەفغانستانەوە شانەکانی بەرگری زیاتر دەبن و ئەمەش دەتوانێت قەیرانەکە زیاتر بکات./.