بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە وەکالەت، لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئەو حکومەتەدا وتی کە ئەفغانستان لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندییەکی بەهێزی ئابوری و بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەست پێدەکات.
ناوبراو وتی: ئێمە بۆ باشترکردنی چالاکییەکانی کەرتی تایبەت، کەسێکمان لەم کەرتە وەک وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەستنیشان کرد و هیوادارین کە کەرتی تایبەت لە ئەفغانستان پشکی چالاکی هەبێت.
لە هەمان کاتدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تاڵیبان وتی کە بۆ باشتربوونی دۆخی ئابوری ئەفغانستان هەوڵ دەدەین و پەرە بە پەیوەندییە ئابورییەکانی خۆمان لە ئاستی ناوچەکە و جیهان دەدەین.
نورەدین عەزیز وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تاڵیبان وتی: هەوڵ دەدەین کە ئەفغانستانێکی بەهێز لە ڕووی ئابورییەوە پیشان بدەین و لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ و ئەمریکا، بەریتانیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتانی دیکە پەیوەندیمان هەبێت./.