بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەیەکی چەندقۆڵی تایبەت بە عێراق لە پەراوێزی حەفتا و شەشەمین کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەدا کە بە سەرۆکایەتی فۆئاد حوسێن و لە شوێنی مانەوەی باڵیۆزی عێراق لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو، وەزیرانی دەرەوە و نوێنەرانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەردەن، سعوودیە، تورکیا، کوێت، میسر، قەتەر، فەرەنسا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بەشدارییان کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا جەختیکردەوە کە تاران بەردەوام گرنگی بە وتووێژی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەدات و مێژوو و ڕاستییەکانی 100 ساڵی ڕابردووش پیشان دەدات کە دەستێوەردانی دەرەکی ڕێگریی لە گەشەی بەردەوام و یەکگرتوویی وڵاتانی ناوچەکە کردووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە پێویست بە ڕێوشوێنی ئەمنی لە لایەن وڵاتانەوە دەکات و بوونی هێزی بێگانە و دەستێوەردانی دەرەکی لە هەر چوارچێوە و بە هەر شێوازێک، بە پێچەوانەی ئامانجەکانی ئاشتی و سەقامگیری، سەربەخۆیی و سەروەری وڵاتانی ناوچەکەیە.
وتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران هیوادارە کە بتوانێت کەشێکی گونجاو بۆ هاوکارییە ناوچەییەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی دابین بکات، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مادە هۆشبەرەکان، هاوکاری لە بواری وزە، دابینکردنی ئاسایشی دەریایی و هاوکاری لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ژینگە لەو خاڵانانەن کە وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە دەتوانن هاوکاری بکەن.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جارێکی دیکە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ئاسایش، سەقامگیری و گەشەی وڵاتی عێراق وەک وڵاتێکی دۆست و دراوسێ لە ناوچەکە دووپات کردەوە./.