بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماڵی کتێبی کوردی بڵاوی کردەوە؛ کتێبی “زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب” کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی وردە لە سەر ژیان، تێکۆشان و بەرهەمەکانی مامۆستا زەبیحی کە لە لایەن فەرەیدون حەکیمزادەوە کاری بۆ کراوە.
حەکیمزادە حەول و بەدواداچوونی چەندین ساڵەی خۆی لە هەمبەر عەبدولڕەحمان زەبیحی، لەو کتێبەدا گەیاندووەتە سەرئەنجام و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.
ئاماژە بەوەش دراوە؛ ئەم کتێبه لەخۆگری هەشت بەشە کە لەو هەشت بەشەدا وتارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەدەبی، زانستی، فەرهەنگی و زمانەوانییەکانی زەبیحی جێی گرتووه، هەروەها لە بەشەکانی تر وتووێژەکان، بەڵگەنامەکان و ڕاوبۆچوونی هەندێک لە کەسایەتییەکانی کورد سەبارەت بە زەبیحی هاتوونەتەوە، ئەو کتێبە هەنگاوێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی نەناساندن و پەراوێزخستنی کەسایەتی هەڵکەوتە و تێکۆشەری کورد؛ عەبدولڕەحمان زەبیحی.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێیت: عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لە کەسە چالاکەکانی سەدەی بیستەمی زایینییە کە توانی لە بواری ڕۆژنامەگەری و نووسین شوێنێکی ئەوتۆی هەبێ. زەبیحی سەرۆکی ڕۆژنامەگەری کوردی لەو ساڵانەدا بوو، گۆڤاری نیشتمانی ژمارە ١ی تا ژمارە ٧ و٨و٩ی [کە بە یەکەوە بوون] لە ناوخۆی وڵاتدا چاپ کردووە. سەرەڕای ئەوە زەبیحی لە ڕۆژنامەی کوردستان (مەهاباد ساڵی١٣٢٤هـ/١٩٤٦ز) و گۆڤاری نیشتمان (مەهاباد ساڵی١٣٢٢هـ/١٩٤٣ز) و دوای پەڕیوەبوونی بۆ گەرمێن لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی باشوور وەک: هاوکاری، ڕۆشنبیری نوێ، چریکەی کوردستان (بە نێوی برزوو)، خەبات (بە نێوی زانا)، ڕزگاری (مامۆستا عیسا)، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا نووسینی هەبووە. بە وتەی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا، گۆڤاری باهۆزی بە زمانی عەڕەبی و پێشڕەو(ی) بە زمانی کوردی لە بەغدا دەرکردووە.