بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەحسین خەفاجی ڕۆژی سێ شەممە دیسانەوە جەختیکردەوە کە عێراق پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی لە خاکی خۆیدا نییە.
ناوبراو بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاند کە وتووێژی ستراتیژی لە گەڵ ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی کە بەغدا و واشنتن لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە بگەنە ڕێکەوتن.
خەفاجی وتی کە بە پێی ئەو ڕێکەوتنە، تا کۆتایی ئەم مانگە، سێ یەکەی سەربازیی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و هەریر لە پارێزگای هەولێر دەکشێنەوە.
وتیشی کە ئەو هێزانە دەبرێنە دەرەوەی عێراق.
وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق وتی کە ئەمریکییەکان کشانەوەی هێزەکانیان بە ژمارەیەکی زۆر دەستپێکردووە و ئەو هێزانەش کە دەمێننەوە لە ژێر فەرماندەیی عێراقدا دەبن و هیچ داواکارییەک لە ئەمریکاوە بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لە عێراق نەبووە./.