بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری لە لایەن وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وەک جێگری کاروباری سیاسی دەستنیشان کرا.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە حوکمێکدا عەلی باقری کەنیی وەک جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دەستنیشان کرد و بەمەش شوێنی سەید عەباس عێراقچیی گرتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها مەهدی سەفەریی وەک جێگری خۆی بۆ کاروباری دیپلۆماسیەتی ئابوری و محەممەد فەتحعەلی وەک جێگری کاروباری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی دەرەوە دەستنیشان کرد.
عەلی باقری کەنی لەدایکبووی ساڵی 1967 و کوڕی محەممەد باقر باقری کەنی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێرانە کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئابوری و پێشتر مامۆستای بەشی ئابوری لە زانکۆکانی ئێران بووە.
ناوبراو پێشتر لە وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بووە. ئەزموونی بەشداری لە دانوستانەکانی ناوەکی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیشی هەیە و لە ماوەی سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە دەزگای دادی ئێران، جێگری ناوبراو بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و هەروەها سەرۆکی ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگای دادی ئێران بووە./.