بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕوحوڵڵا لەتیفی وتەبێژی ڕێکخراوی گومرکی ئێران وتی: عێراق دووەم وڵاتی کڕیاری کاڵای ئێرانی لە چەند ساڵی ڕابردوو بووە کە بەداخەوە لە ساڵی ڕابردوو بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، چەندین دەروازەی سنوری لە گەڵ ئەم وڵاتە داخران و وەک زۆربەی وڵاتان، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیش لە گەڵ عێراق لە ساڵی ڕابردوو ڕووی لە دابەزین کرد.
ناوبراو وتی: لە 5 مانگی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی و بە کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لە سەر بازرگانیی دەرەکی، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دیکە ڕووی لە گەشەسەندن کرد و ئەمەش لە گەڵ عێراق وەک دووەم هاوبەشی ئابوری کاریگەری خۆیی هەبووە.
لەتیفی وتی: هەناردەی ئێران بۆ عێراق تا کۆتایی مانگی 5 ی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، زیاتر لە 12 ملیۆن و 24 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 3 ملیار و 163 ملیۆن و 343 هەزار و 248 دۆلار بووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 53 و لە ڕووی بایەخیشەوە لە سەدا 31 بەرز بووەتەوە.
وتەبێژی ڕێکخراوی گومرکی ئێران سەبارەت بە هاوردەش لە عێراقەوە وتی: لە 5 مانگی سەرەتایی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، 313 هەزار و 612 تەن کاڵا بە بڕی 175 ملیۆن و 989 هەزار و 687 دۆلار لە عێراق هاوردە کراوە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 970 و لە ڕووی بایەخەوە لە سەدا 430 بەرز بووەتەوە.
بە پێی دوایین ئاماری گومرکی ئێران، کۆی گشتی بازرگانی دەرەکی ئەم وڵاتە لە 5 مانگی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی گەیشتە 59 ملیۆن و 300 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 34 ملیار دۆلار کە پشکی هەناردە 45 ملیۆن و 500 هەزار تەن بە بڕی 17 ملیار و 661 ملیۆن دۆلار و پشکی هاوردەش 13 ملیۆن و 800 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 16 ملیار و 631 ملیۆن دۆلار بووە./.