بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە چاوپێکەوتنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە، وتووێژ و بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
شەمخانی لەو چاوپێکەوتنەدا وتی کە زیاتربوونی چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان جێی نیگەرانی و هۆکاری تێکدانی ئاسایشی سنورەکانی ئێران و عێراقە.
ناوبراو جەختی لە سەر داماڵینی چەکی ئەو گرووپانە و دەرکردنیان لە عێراق کردەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە هاوکاری ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەم هەنگاوانە کە دەکەوێتە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی ئەمنی ئەمریکا، نەک تەنیا یارمەتیدەری دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری نابێت بەڵکوو قەیرانەکان و ناسەقامگیری لە ناوچەکەش زیاتر دەکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستانیش وتی: 20 ساڵ داگیرکاری کارەساتباری ئەمریکا لە ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاوە ئەوەی سەلماند کە بوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە بەدەر لە ناسەقامگیری، ئاڵۆزی و زیانی بێ هەژمار هیچ ئەنجامێکی نابێت./.