بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد دەستماڵچیان لە وتووێژێکدا سەبارەت بە سەردانە فەرمییەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران، وتی: پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران مستەفا کازمی ڕایگەیاندبوو کە لە یەکەم دەرفەت و پاش ئەو هەڵبژاردنانە سەردانی تاران دەکات تا لە سەر کێشە و بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە گەڵ سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کۆببێتەوە، بەڵام کۆنفرانسە ناوچەییەکەی بەغدا ڕێگریی لەوە کرد کە ئەم سەردانە زووتر بکرێت، ئێستا سەردانەکە لە هەلومەرجێکی گرنگ و هەستیاردا کراوە و هەڵگری پەیامی گرنگە لە ئاستی دووقۆڵی و ناوچەیی.
دەستماڵچیان بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوچەییەکەی بەغدا، وتی: سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران هەر لە چوارچێوەی ئامانجەکانی ئەو کۆنفرانسە واتە زیاترکردنی هاوکارییە ناوچەییەکان کراوە. کاتی ئەوە هاتووە کە ناکۆکییە جیدییەکان شوێنی خۆیان بدەنە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە. ئێستا هەلومەرجی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە گرنگەکان لە ئاستی ناوچەکە دابین کراوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام داوای هاوکاری ناوچەیی بە دوور لە دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە کردووەتەوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە ئاکامی ئەو هاوکارییە دەتوانرێت ئاسایش و سەقامگیری بە گشتی لە ناوچەکە دابین بکرێت. پێدەچێت کە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەوڵی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بدات و ئێرانیش پێشوازی لەم هەوڵانە دەکات.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕۆڵی نێوەندگێڕی عێراق لە نێوان ئێران و سعوودیە، وتی: ئێران بۆ دانوستان و وتووێژ لە گەڵ سعوودیە پێویستی بە نێوەندگێڕ نییە و هەر کات پێویست بێت و سعوودیە ئامادەیی تەواوی بۆ کۆبوونەوەکان هەبێت، ئێران ئامادەی دانوستانە لە گەڵ ئەو وڵاتە بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵە ئاشتیخوازانەکەی مستەفا کازمیش ڕەتناکاتەوە. ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق بتوانێت ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە دابەزێنێت، کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ بەربەستێک بۆ هاوکاری و چالاکییەکانی ناوبراو لەم بوارەدا دانانێت.
باڵیۆزی پێشووتری ئێران لە ئەردەن سەبارەت بە هاوکارییە دووقۆڵییەکانی ئێران و عێراقیش وتی: هەر دوو وڵات ساڵانە نزیکەی 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەیە. پێدەچێت کە دۆسیە گرنگە ئابورییەکان بە تایبەت لە بواری وزە و بازرگانی، پێویستی بەوە هەبێت کە هەندێک کات لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا نوێ بکرێنەوە.
ئەحمەد دەستماڵچیان لە سەر ئەنجامی سەردانەکەی کازمی بۆ گەلانی ئێران و عێراق، وتی: ئەم دوو گەلە بە درێژایی مێژوو دراوسێ و برادەری یەکتر بوون و خاڵی هاوبەشی مێژوویی، ئائینی، کەلتوری و کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا هەیە. لە لایەکی دیکەوە گەلی ئێران هۆگری مەزارگە پیرۆزەکانن لە عێراق، عێراقییەکانیش هەمان هەستیان بۆ مەزاری پیرۆزی ئیمام ڕەزا (ع) لە ئێران هەیە، ئەم سەردانانەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەر دوو وڵات پەیوەندییەکی بەهێزیان پێکەوە بێت.
ناوبراو سەبارەت بە هەوڵەکانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خۆی، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی بەهێزبوونی عێراق دەکات و هیچ کات نیگەرانی ئەوەش نییە کە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ و بەدوور لە دەستێوەردانی بێگانەکان، خاوەن پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەهێز بێت، بەڵکوو تاران هانی عێراقییەکان دەدات کە وەها ڕۆڵێکیان هەبێت.
وتیشی کە یەکێک لە دۆسیە گرنگەکانی سەردانەکەی کازمی بۆ تاران، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بووە کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕوو بدات. ئەم کشانەوەش دەسپێکی گۆڕانکارییەکی گرنگە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک وڵاتێکی گرنگ و کاریگەری ناوچەکە دەبێت لە وردەکارییەکانی ئەو گۆڕانکارییە ئاگادار بکرێتەوە./.