بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆتا ڕۆژی سەردانەکەی بۆ نەمسا لە گەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی لە ڤیەننا کۆبووە و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
ناوبراو لەو کۆبوونەوەدا جەختی لە سەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکانی ناوچەکە کردەوە و وتی: عێراق بە نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهان شەڕێکی دژواری لە دژی تیرۆریزم دەستپێکرد و ئێستاش چاوەڕوانی هاوکاری و پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆ کۆتایی هێنان بە داعش و ڕێگری لە گەڕانەوەی.
فۆئاد حوسێن سەرکەوتنە بەرچاوەکانی هێزەکانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی بە شانازییەکان بۆ عێراق و سەرجەم گەلانی ناوچەکە ناو برد و جەختیکردەوە کە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ناوچەیی لە بەغدا نموونەی ئاشکرای سەرکەوتن لە دژی تیرۆریزم و گرنگی هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە لە دۆخێکی باشتردایە و هەوڵ دەدات پێگەی تایبەتی خۆی لە ناوچەکە بە لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینی لایەنە سەرەکییەکانی وەک ئێران، سعوودیە و ئەمریکا بە دەست بێنێتەوە.
ناوبراو وتی کە عێراق ئەمە بە بەشێک لە مسۆگەربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە دەزانێت./.