بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاندێکی لوبنانی بە سەرۆکایەتی تەلال ئەرسەلان سەرۆکی پارتی دیمۆکراتیکی ئەم وڵاتە ڕۆژی یەک شەممە لە چاوپێکەوتنی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا جەختیان لە سەر گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لەم هەلومەرجەی ناوچەکەدا کردەوە.
شاندە لوبنانییەکە لە کەسایەتییە ئائینی، سیاسی، حیزبی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتە پێکهاتبوو.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لەو چاوپێکەوتنەدا جەختیکردەوە کە ئەندامانی شاندەکە کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی زۆرینەی خەڵکی لوبنانن، بڕوایان بە گرنگی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا هەیە و لە ساڵانی شەڕدا وەفادارانە لە گەڵ ئێمە ماونەتەوە.
ناوبراو وتی کە پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و لوبنان نابێت کاریگەری لە هەلومەرج و هاوکێشەکان وەربگرێت، بەڵکوو دەبێت پتەوتر بکرێت و سوریاش لە گەڵ گەلی لوبنان دەمێنێتەوە.
سەرۆک کۆماری سوریا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە سەرجەم بوارەکاندا پاڵپشتی لە لوبنان دەکات.
تەلال ئەرسەلان سەرۆکی شاندە لوبنانییەکەش وتی کە سوریا بە خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری جیهانی و پیلانگێڕییەکانی دە ساڵی ڕابردوو، وانەیەکی دایە سەرجەم وڵاتانی جیهان و ئێمە لەو بڕوایەدان کە کێشەکانی سوریا و لوبنان پیلانگێڕی دوژمنانە./.