لە دوایین سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ناوبراوی ڕاگەیاند کە هێزە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق دەکشێنەوە و ئەو هێزانەش دەمێننەوە ڕۆڵی ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزە عێراقییەکان دەبێت.
لەو سەردانەدا باس لە ڕێکەوتنێکی نێوان بەغدا و واشنتن کرا کە ڕاوێژکارانی ئەمریکی شوێنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق بگرنەوە.
لە کاتێکدا کە زۆربەی میدیاکانی جیهان یەکێک لە ئەنجامەکانی سەردانەکەی کازمییان بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناو دەبرد، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاند کە ئەمریکا نیازی کشانەوەی هێزەکانی نییە. ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێن کە 2500 سەربازی ئەو وڵاتە لە عێراق دەمێننەوە و تەنیا ئەرک و ڕاسپاردەی ئەوان بە ڕواڵەت تووشی گۆڕانکاری دەبێت.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند کە واشنتن لە ئاستی سەربازی، سیاسی و ئابوری لە عێراقدا دەمێنێتەوە و ئەم وڵاتە پێگەی گرنگی لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکادا هەیە. ئەم لێدوانەش پیشاندەری ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام لە عێراقدا دەمێننەوە.
ماسیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکاش لە بەغدا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دۆخی عێراق لە گەڵ ئەفغانستان جیاوازە و ئەرک و ڕاسپاردەی هێزەکانی ئەمریکا لەم دوو وڵاتەدا جیاوازیی هەبووە.
ناوبراو بە بێ ئاماژەدان بە داواکاری عێراقییەکان و پەسەندکردنی یاسای دەرکردنی هێزی بێگانە بە تایبەت هێزەکانی ئەمریکا لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە، پڕوپاگەندەی ئەوەیکرد کە حکومەتی عێراق داوای هاتن و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای کردووە.
چەند سەرچاوەیەک لە گرووپەکانی خۆڕاگری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە ماوەیەکە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵی ڕێکخستنەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش لە سوریا و عێراق دەدەن و ئەمەش لە پاش هەڵهاتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان خێراتر بووە تا ئەوان بتوانن قەرەبووی ئەو شکست و سەرشۆڕییە بکەنەوە.
لە شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش، هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ تیرۆریستان لە دژی گەلی عێراق بابەتێکی ڕوون و ئاشکرا بوو، ئێستاش پێویستە بەرپرسانی عێراقی ئاگاداری ئەوە بن کە بوونی ئەمریکییەکان و مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و باشترە کە هیچ کات متمانەیان بە بەڵێنی ئەمریکییەکان نەبێت./.