بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە ئەفغانستان وتی: ئەفغانستان بە زوڵمی ئەمریکییەکان زامێکی زۆری بەرکەوتووە، ئەمڕۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن کە زیاتر لە 30 هەزار منداڵی بریندار لە ئەفغانستاندا هەیە، ئێمە لە ئێران میوانداری لە 3 ملیۆن پەنابەری ئەفغانی دەکەین بەڵام داگیرکاری ئەمریکییەکان مافی زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتەی پێشێل کردووە.
ناوبراو وتی: ڕێگاچارەی کێشەکانی ئەفغانستان ئەوەیە کە حکومەتێک دەسەڵات بگرێتە دەست کە بە دەنگ و ئیرادەی خەڵک بێت، ئێمە لە حکومەتێک کە لای خەڵکی ئەفغانستانەوە بێت پاڵپشتی دەکەین، ئاسایشی ئەفغانستان بە ئاسایشی خۆمان دەزانین و ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران گرنگیدانە بە وڵاتانی دراوسێ.
ڕەئیسی بە ئاماژە بە چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ بەرپرسانی 50 وڵاتی جیاجیای جیهان لە ماوەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی کە وڵاتانی زلهێز و داگیرکار ماف و موڵەتی ئەوە بە خەڵکی ئەفغانستان بدەن کە خۆیان بڕیار لە سەر چارەنووسیان بدەن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننا وتی: ئێمە هیچ ترسێکمان لە دانوستان نییە بەڵام وتووێژ بە گوشار و هەڕەشە چ وتووێژێکە؟ من پێشتر ئەوەم باس کردووە کە دانوستان پلانێکی سەرەکی حکومەتە بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانمان دەدەین و ئەویش هەڵگرتنی گەمارۆکانە، ئێمە یەک هەنگاو لە مافی گەلی خۆمان پاشەکشە ناکەین، دانوستانەکان دەبێت بگاتە ئەنجام، دانوستان لە پێناو دانوستان هیچ سوودێکی نابێت./.