بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گوندی شاڵان 1070 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. لە وەرزی بەهار و هاویندا کەشوهەوایەکی فێنک و دڵڕفێنی هەیە و لە پاییز و زستاندا ساردە و بەفری لێ دەبارێت. ڕووباری ئەڵوەن بە نێو ئەم گوندەدا تێپەڕ دەبێت.
ئەم گوندە پێشینەیەکی کۆن و مێژوویی هەیە. بوونی چەند ئاسەوار و مزارگەیەکی وەک زیارەتگەی مزگەوتی عەبدوڵڵای کوڕی عومەر، بابا یادگار، مەزارگەی ئەبودجانە، زیارەتگەی باباشێخ، زیارەتگەی شێخ بایزی و هەروەها زیارەتگەی بابافقی پیشاندەری مێژووی کۆن و پێشینیەی ئەم گوندەیە.
زۆربەی بینای مەزارگەکانی گوندی شاڵان لە سەردەمی سەفەوییەکان و بە فەرمانی شا عەباس درووست کراون و لە سەردەمی قاجاڕەکانیش نۆژەن کراونەتەوە. خەڵکی گوندەکە بە زمانی کوردی و زاراوەی کەلهوڕی قسە دەکەن و لە سەر مەزهەبی سوننەشن.
ئاژەڵداری، کشتووکاڵی، باخداری و هەنگەوانی لە گرنگترین کار و پیشەی خەڵکی ئەم گوندەیە. هەروەها دەتوانین کەشک، کەرێ، ڕۆن و هەنگوین بە بەرهەمەکانی ئەم گوندە ناو ببەین.
هەنجیر، گوێز و هەنار لە گرنگترین بەرهەمی باخەکانی گوندی شاڵانن. گەنم و جۆش لەم گوندەدا بەرهەم دێت. پیشەسازییە دەستییەکانیش لای خەڵک و بە تایبەت ژنانەوە گرنگیی پێ دەدرێت.
چیای داڵاهۆ دیمەنێکی دیکەی بەم گوندە بەخشیوە. چیای داڵاهۆ لە بەرزترین شوێندا 2250 مەتر بەرزیی هەیە. لە 9 کیلۆمەتری ئەم گوندەدا بینایەکی مێژوویی بە ناوی تاقی گەرا هەیە کە بە شێوازێکی ئەندازیاریی سەردەمی کۆنی ئێران درووست کراوە.
لە 5 کیلۆمەتری گوندی شاڵان مەزارگەی ئەبودجانە دەبینرێت کە دەوترێت سەر بە سەردەمی سەلجوقییەکانە و پەیوەندیی بە سماکبن خوشە لە هۆزی ئوس و لە نزیکانی سەعد بن عەبادەوە هەیە و لە شەڕەکانی بەدر و ئۆحۆد لە کەسانی نزیکی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) بووە.
زیارەتگای بابایادگار لە 10 کیلۆمەتری گوندی شاڵان و لە داوێنی چیای داڵاهۆدایە. ئەم زیارەتگایە لە نێو لایەنگرانی ئەهلی حەق پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
مزگەوتی عەبدوڵڵای کوڕی عومەر کە لە مزگەوتە جوانەکانی سەردەمی ئیسلامە لە ئێران، لە 2 کیلۆمەتری گوندی شاڵاندایە و لە ڕووی بیناسازییەوە بە زۆر جوان و دەگمەن دادەنرێت.
مەزارگەکانی شێخ بایزی و باباحەقیش لە 5 کیلۆمەتری ئەم گوندەدان و بە ئاسەوارە مەزهەبی و مێژووییەکانی شاڵان هەژمار دەکرێن./.