بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد فیروزنیا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیروت لە بەرنامەیەکی کەناڵی المنار سەبارەت بە ناردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران موڵەتی جێبەجێکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵک، گەمارۆ و سزا نایاسایی و زاڵمانەکانی ئەمریکا لە لوبنان نادات.
ناوبراو وتی کە تاران موڵەتی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەش بە هیچ لایەنێکی ناوچەکە نادات و کەشتییەکانی هەڵگری سووتەمەنی ئێران دەگەنە ئامانج و کەشتی دیکەش بەڕێوەیە.
باڵیۆزی ئێران وتی: ئەو کەشتییە لە پرۆسەیەکی یاساییدا بەرەو لوبنان کەوتووەتەڕێ و پێویست بە دەستێوەردانی هەندێک لایەن ناکات.
فیروزنیا گەمارۆکانی ئەمریکای لە دژی کەرتی نەوتی ئێران بە نایاسایی ناو برد و وتی ناردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان تەنیا پەیوەندیی بەم دوو وڵاتەوە هەیە نەک ئەمریکا یان هەر لایەنێکی دیکە.
وتیشی کە ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای لوبنان پێشتر پێشنیاری درووستکردنی وێستگەی کارەبامان بە حکومەتی بەیروت دابوو بەڵام وەڵامێکمان وەرنەگرت. ئێمە لە هەلومەرجی لوبنان تێدەگەین و ئەوەمان لە سەرە کە پێشنیارەکانی خۆمان بخەینەڕوو.
باڵیۆزی ئێران وتی کە هەندێک لایەن ڕێگری لەوە دەکەن کە حکومەتی لوبنان وەڵامی ئەم پێشنیارەی ئێران بداتەوە./.