بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێک لە سەر جۆری گۆڕاوی کۆرۆنا کە ڕەنگە لە ساڵی 2022 سەرهەڵبدات، نیگەرانی جیهانیی لێکەوتووەتەوە. پڕۆفیسۆرێکی پسپۆڕ لە بواری ئیمۆنۆلۆژی لە وڵاتی سویسرا ڕایگەیاندووە کە دەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسەی کۆرۆنا ئامادەکاری و ڕێکاری ڕوبەڕوبونەوەی پێویست هەبێت، لە بەر ئەوەی کە دەتوانێت مەترسی گەورەی بە دواوە بێت.
ئەو ڤایرۆسە بە ناوی Covid – 22 دەناسرێت و دەوترێت کە لە جۆری دێڵتا کوشندەترە. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە تەنیا پێشبینی ئەو پسپۆڕەیە کە ڕەنگە لە داهاتوودا ڕوو بدات.
بە فەرمی هیچ زانیارییەک پشتڕاست نەکراوەتەوە
وشەی Covid – 22 لە لایەن دکتۆر Say Reddy مامۆستای بواری ئیمۆنۆلۆژی لە دامەزراوەی تەکنۆلۆژیای فیدراڵی سویسرا لە زوریخ کەوتە سەر زمانەکان. بەڵام ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی و ناوەندەکانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (CDC) بە فەرمی ئەم بابەتەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و تەنیا هۆشداریی شارەزایانە کە ڕەنگە لە ساڵی 2022 جۆرێکی مەترسیدارتری کۆرۆنا سەرهەڵبدات.
بە وتەی دکتۆر ڕەدی، ئەگەرێکی زۆرە کە دۆخەکە بەم شێوازە بێت:
کوڤیدی 22 خەراپترە لە کۆڤیدی 19.
بە هۆی سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسە و جۆرەکانی دیکەی لە ساڵی داهاتوو پێویست بە زیاتر لە یەک ڤاکسێن دەکات.
ڤاکسێنەکان دەبێت نوێ بکرێنەوە.
کۆڤیدی 22 بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە کە دەتوانێت لە ئاستێکی زیاتر لەمەی ئێستا بڵاو ببێتەوە.
بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە ناتوانین متمانەمان بە ڤاکسێن هەبێت.
ئەمەش هاوشێوەی چاوەڕوانی ژمارەیەک لە زانایان و پسپۆڕانی بواری تەندرووستی سەبارەت بە سەرهەڵدانی کۆڤیدی 21 بوو کە لە ئێستادا بە ناوی دێڵتا دەناسرێت.
COVID – 20 و COVID – 21
بە پێی ئەوەی کە سەرجەم ڤایرۆسەکان لە ماوەی بڵاوبوونەوەی COVID – 19 لە گرووپی ڤایرۆسەکان یان هاوشێوەی SARS – COV – 2 بوون، ئاڵفا، بتا، دێڵتا، دێڵتا پڵەس، گاما، لامبدا و ئەوانی دیکە، جێی نیگەرانین و لە ئەنجامی بەرەوپێشچوونی هەمان ڤایرۆسی SARS – COV – 2 لە جیهاندا سەریانهەڵداوە.
پێشتر، زۆربەی شارەزایانی بواری تەندرووستی لەو بڕوایەدابوون کە ئەم ڤایرۆسە تا ساڵی 2022 بە کۆتایی دەگات، وەک ئەنفلۆنزای ساڵی 1918 کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو. بەڵام ئەو چاوەڕوانییەش هەیە کە جۆری خەراپتری لە ساڵی داهاتوو بڵاو ببێتەوە، لە بەر ئەوەی کە تا ڤایرۆسەکە بەردەوام بڵاو دەبێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە جۆری کوشندەتر لە وڵاتانی جیهاندا هەبێت.
ئەوانەی ڕەخنەیان لەم بۆچوونە گرتووە، چ دەڵێن؟
لە بەرامبەردا بەشێکی دیکەی پسپۆڕانی بواری تەندرووستی ڕەخنەیان لەم پێشبینییەی دکتۆر ڕەدی گرتووە و جەختیان کردووەتەوە کە ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە بوترێت کە لە داهاتوودا چ ڕوو دەدات.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی بواری تەندرووستی لە سەرتاسەری جیهان تەنیا دەتوانن جۆری نوێی کۆڤیدی 19 پێشبینی بکەن کە هەندێک لەوان باشتر یان خەراپتر دەبن و ڕاست و درووستی ئەمەش بە تێپەڕبوون کات ئاشکرا دەبێت./.