بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی کابینەی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، لە یەکەم بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس وتی: ئەوەی کە وەبەرهێنەرانی ئۆپێک و دەرەوەی ئەم ڕێکخراوەی لە سەرەتای ساڵی 2017 کردووەتە هاوپەیمان، هەوڵ و هاوکارییە لە پێناو سەقامگیری لە بازاڕی جیهانی نەوت.
ناوبراو وتی: ئێران وەک وڵاتێکی دامەزرێنەری ئۆپێک سەرەڕای گوشار و گەمارۆ زاڵمانەکان، بەردەوام پاڵپشتیی لە بنەمای هاوکاریی ئۆپێک پڵەس کردووە و پابەندی بنەما و ئامانجەکانی ئەم هاوکارییە بووە.
ئەوجی وتی: پاراستن و بەردەوامی دەسکەوتەکانی بەیاننامەی هاوکاری بە پێی هەلومەرجی زاڵ بە سەر بازاڕی جیهانی نەوت لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەران، بەکارهێنەران و هەروەها ئابوریی جیهان دەبێت.
وتیشی: ئۆپێک پلەس سەرەڕای هەلومەرجی دژواری دوو ساڵی ڕابردوو بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پابەندی بنەما و ئامانجە هاوبەشەکانی خۆی ماوەتەوە و درێژە بە هەوڵی هاوبەشی خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکانی بازاڕی جیهانی نەوت دەدات.
وەزیری نەوتی ئێران وتی: ئامادەیی ئەوەمان هەیە کە دەستبەجێ لە پاش تەواوبوونی گەمارۆ تاکلایەنەکەی ئەمریکا، وەبەرهێنانی نەوت بە ئاستێکی گونجاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بگەێنین.
جەواد ئەوجی وتی: گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێران لە وەبەرهێنانی یەک ملیار و 800 ملیۆن بەرمیل نەوت و داهاتی زیاتر لە 100 ملیار دۆلاریی بێبەش بکرێت، سەپاندنی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاش لە دژی دوو ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئۆپێک بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەزانین.
وتیشی کە کابینەی نوێی ئێران وەک ڕابردوو درێژە بە هاوکاری و پاڵپشتی کاریگەری خۆی لە ئۆپێک و ڕێکەوتنی هاوکاریی ئۆپێک پڵەس دەدات./.