بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە یەکەم وتاری لە پاش کۆتایی داگیرکاریی ئەفغانستان وتی کە ئەمریکا سەرکەوتووانە هێزە سەربازییەکانی لە ئەفغانستان کشاندووەتەوە و ئەرکە سەربازییەکانی کۆتایی هاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە تەقینەوە خۆکوژییەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ 13 سەربازی ئەمریکی کوژران و هەروەها ڕێژەیەکی زۆر لە چەک و کەرەستەی سەربازی ئەمریکی لە لایەن تاڵیبانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.
بایدن لە وتارەکەیدا بە توندی ڕەخنەی لە هەر یەک لە دوناڵد ترەمپ و ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەمریکا و ئەفغانستان گرت و هەڕەشەی ئەوەشی لە گرووپی تیرۆریستی داعش کرد کە کاری ئەمریکا لە گەڵ ئەو گرووپە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا پڕوپاگەندەی ئەوەشیکرد کە وڵاتەکەی درێژە بە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ خەڵکی ئەفغانستان دەدات و وتی کە شەڕی 20 ساڵەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕۆژانە 300 ملیۆن دۆلار تێچووی هەبووە.
وتیشی کە شەڕی دژ بە تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و لە ئەفغانستان یان هەر وڵاتێکی دیکە بە بێ هێزی وشکانی ئەو شەڕە بەردەوام دەبێت./.