بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی نەشناڵ کە بە زمانی ئینلیزی هەواڵەکانی بڵاو دەکاتەوە، ڕایگەیاندووە کە ڕاوێژکار و یاریدەدەری باڵای ئۆسامە بن لادن سەرکردەی پێشووی گرووپی تیرۆریستی قاعیدە دوو هەفتە پاش داگیرکردنی ویلایەتی نەنگەرهار لە لایەن تاڵیبانەوە گەڕاوەتەوە ئەفغانستان.
ڤیدیۆیەک کە لە لایەن پێگە ئیماراتییەکەوە بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە ئەمین ئەلحەق یاریدەدەر و ڕاوێژکاری باڵای بن لادن لە کاتی تێپەڕبوونی بە بازگەیەکدا ڕوبەڕوی پێشوازییەکی زۆری لایەنگرانی دەبێتەوە.
ئەلحەق، تەمەن 61 ساڵە، یەکێک لە ئەندامە باڵاکانی قاعیدە لە دەیەی 1990 بووە و پاش هێرشەکانی ساڵی 2001 ی ئەمریکا لە زنجیرە چیاکانی تورە بورەی نزیک لە سنورەکانی پاکستان خۆیی حەشار دا. ناوبراو وەک بەرپرسی ئەمنی بن لادن چالاکیی دەکرد.
ئەمین ئەلحەق لە ساڵی 2008 لە پاکستان دەستبەسەر و پاشان لە ساڵی 2011 ئازاد کرا.
مایکڵ ئسمیت شرۆڤەکار و شارەزای کاروباری تیرۆریزم و گرووپە توندڕۆکان ڕایگەیاندووە کە گەڕانەوەی ئەلحەق لە لایەن قاعیدەوە بۆ پیشاندانی هێز و مانەوەی ئەو گرووپەیە./.