بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ سوریا وتی: ئێران و سوریا سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەی پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆ و سزا زاڵمانەکانی دوژمن.
ناوبراو وتی: لە گەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا بەو ئەنجامە گەیشتووین کە هەر پلانێکی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە بە بەشداری و هاوکاری هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت سوریا مسۆگەر دەبێت و لەم پێناوەشدا ڕۆڵی عێراق و سوریا بۆ گەیشتن بە دابینکردنی ڕێوشوێنی نوێی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لە ناوچەکە بە گرنگ دەزانین.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: سەبارەت بە ئەفغانستانیش ڕاوێژی زۆرمان پێکەوە هەیە و پێمان وایە کە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش و بنکەفراوان لەو وڵاتە چارەسەرێکی زۆر باشە کە پێویستە جێی گرنگی سەرجەم لایەنەکان بێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: زایۆنیستەکان لە ناوچەکە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزی و ناسەقامگیری، ڕژێمی زایۆنیستی موسڵمانان، مەسیحییەکان و تەنانەت جولەکەکانی لە سەر ئەرزی مێژوویی خۆیان بە دیلی گرتووە. بێگومان هاوکاری و پێکەوەبوونی وڵاتانی ناوچەکە و موسڵمان دەتوانێت لە دابینکردنی ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەی ئێمە یارمەتیدەر بێت./.