بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاگەێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە عێراق پشت بە سیاسەتێکی هاوسەنگ و یەکسان بۆ هاوریکاری ئەرێنی دەبەستێت لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا.
لەو ڕاگەێندراوەدا جەخت کراوەتەوە کە حکومەتی عێراق هەوڵی زیاتر دەدات بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە حکومییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک کە نوێنەرایەتی خواستی گەلەکەی بکات.
ڕاگەێندراوەکە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ناوچەکە ڕوبەڕوی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە و بۆ ئەمەش پێویستە هەماهەنگی هاوبەش لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان وڵاتاندا هەبێت و هەروەها پێویستیشە هەوڵەکان یەک بخرێن لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
کۆتایی ڕاگەێندراوەکە ئەوەیە کە بەشداربووان جەختیان لە پاڵپشتی و پشتیوانی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق کردووەتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە کە زیانیان بەر کەوتووە./.