بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامانی کابینەی نوێ و لە بەشێک لە وتەکانی خۆیان جەختیان کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی وڵات نابێت گرێدراوی دانوستانەکانی ناوەکی بێت، لە بەر ئەوەی کە دۆسیەی ناوەکی بابەتێکی جیایە و دەبێت بە شێوازی گونجاو و شیاوی وڵات چارەسەر بکرێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: لە دۆسیەی ناوەکیدا ئەمریکییەکان لەوپەڕی ناپاکی و لە کاتێکدا کە لە بەرچاوی جیهانیانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشانەوە و بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد، ئێستا وا پیشان دەدەن و داواکاری دەخەنەڕوو کە دەڵێی ئێران بووە لە ڕێکەوتنەکە کشاوەتەوە و پشتی لە بەڵێنەکانی کردووە.
بەڕێزیان ڕایانگەیاند کە پشکی وڵاتانی ئەورووپی لە بێ بەڵێنی ڕێکەوتنی ناوەکی کەمتر لە ئەمریکا نییە و ئەوانیش وەک ئەمریکییەکانن و وا پیشان دەدەن کە دەڵێی ئێران بووە کە بۆ ماوەیەکی زۆر گاڵتەی بە دانوستانەکان کردووە و بەڵێنەکانی پێشێلکردووە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەفغانستانیان بە وڵاتێکی برادەر، هاوزمان، هاوئائین و هاوکەلتوری ئێران ناو برد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆیان بە بۆنەی کردەوە تیرۆریستییەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ وتیان: ئەم کێشە و دۆخە دژوارە بەرهەمی داگیرکاری ئەمریکایە کە 20 ساڵ بە هەموو جۆرە زوڵمێکەوە بەردەوام بووە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان کە ئێمە لایەنگر و پاڵپشتی خەڵکی ئەفغانستانین، حکومەتەکان وەک ڕابردوو دێن و دەڕۆن بەڵام گەلی ئەفغانستان دەمێنێتەوە و جۆری پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ حکومەتەکانیش بەندە بە جۆری پەیوەندی ئەوان لە گەڵ ئێران./.