بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زانایانی بواری پزیشکی بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی گواستنەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوتەوە بۆ ئەندامانی دیکەی جەستە، بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو چەند تاقیکردنەوەیەکیان بە سەر مشکەکانەوە ئەنجامدا و هیوایان بەوەش هەیە کە ئەمە لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کوشندەی کۆرۆنا یارمەتیدەر بێت.
گرووپێکی نێودەوڵەتی کە لە زانایانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەڵمانیا پێکهاتبوون، لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە چۆنیەتی گواستنەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستە و کاریگەریی لە سەر ئەندامەکان لە لوتەوە تا سییەکان و پاشان مێشک تاوتوێ بکەن. ئەوان لە ڕێگای سیستەمێکی وێنەگرییەوە بە ناوی بیۆلۆمنسانس چەند پرۆتینێکیان خستە جەستەی مشکەکانەوە کە توانای ڕووناک کردنەوەیان هەیە.
ئەو زانایانە ڕایانگەیاندووە کە بۆ یەکەم جار ئێمە توانیمان بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گیانلەبەرێکی زیندوودا لە کاتی ڕاستەقینەدا ببینین و گرنگتر ئەوەش کە ئەو شوێنانە دەستنیشان بکەین کە ئەنتی بادییەکان دەبێت بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ڤایرۆسەکە لە سەر ئەوان کاریگەرییان هەبێت.
لە ڕۆژی یەکەم، ڤایرۆسەکە دەچێتە لوتەوە و پاشان دەگاتە سییەکان، لە ڕۆژی سێهەم ئەوەندە بڵاو دەبێتەوە کە دەتوانێت بگاتە ئەندامانی دیکەی جەستە و لە ڕۆژی چوارەمیش دەگاتە مێشک.
لە ڕۆژی شەشەم ڤایرۆسەکە دەگاتە لوتکە و مشکەکە لە ناو دەچێت. ئەو توێژەرانە ئەنتی بادییەکانی جیاوەبوو لە پلازمای مرۆڤیان کردە جەستەی مشکەوە و کاتێک کە ئەم کارە پێش ئالودەبوونی مشکەکە بە ڤایرۆس کرا، ئەوان توانییان ڕێگری لەوە بکەن کە ڤایرۆسەکە لە ئەندامانی دیکەی جەستەدا بڵاو ببێتەوە./.