بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاندووە کە ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ناوچەیی بەغدا سەردانی عێراق دەکات.
مەکرۆن تەنیا سەرۆک کۆمارێکی درەوەی ناوچەکەیە کە ئامادەی ئەو کۆنفرانسە دەبێت. تا ئێستا هەر یەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و شا عەبدوڵڵای دووەم لە ئەردەن ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسەکەی بەغدا دەربڕیوە.
سعوودیە لە ئاستی وەزیری دەرەوە بەشداری دەکات، میری کوێتیش سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیی بۆ بەشداری لە کۆنفرانسەکەی بەغدا ڕاسپارد. هێشتا ئاستی بەشداری ئێران و تورکیا دیار نییە.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە سەردانی هەولێر بکات. سەردانیکردنی موسڵ بەشێکی دیکەی بەرنامەکانی مەکرۆن لە عێراق دەبێت. کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاندووە کە سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە موسڵ چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ خوێندکارانی زانکۆ و کەسایەتییەکانی شارەکە دەبێت و هەروەها بۆ پاڵپشتی لە مەسیحییەکانیش سەردانی کەنیسەی موسڵ دەکات.
کۆنفرانسی بەغدا بە ناونیشانی “بەغدا، هاوکاری و هاوبەشی” بڕیارە شەممە 28 ی ئاب بەڕێوە بچێت./.