بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆ پێشگری یان ڕێگری لە سەرئێشە سەرەتا دەبێت هۆکارەکانی سەرئێشە بزانین و پاشان بۆ ڕێگری لەم نەخۆشییە هەندێک خاڵ لە بەرچاو بگرین. لە درێژەدا ئاماژە بەو 15 شێوازە دەدرێت کە لە ماڵەوە دەتوانین ڕێگری لە سەرئێشە بکەین.
هۆکارەکانی دروستبوونی سەرئێشە
هەر کەسێک ڕەنگە تووشی سەرئێشە بێت و هیچ جیاوازییەکی نییە کە چ تەمەن، چ ڕەگەز یان چ نەتەوەیەکی هەبێت. دیاریکردنی هۆکاری سەرئێشەش هەموو کات ئاسان نییە.
چ شتێک ڕەنگە هۆکاری سەرئێشەی ئێوە بێت؟
کار و پیشە – ژیانی کۆمەڵایەتی – هۆڕمونەکان – سترێسی زۆر – کەمبوونی ڕێژەی ئاوی جەستە – سیستەمی خۆراکی – کێشی زیادە یان لاوازبوونی زۆر و هەروەها زۆربوونی چالاکییەکان.
چۆن ڕێگری لە سەرئێشە بکەین؟
کۆنتڕۆڵ، ڕێگری و یان چارەسەری سەرئێشە تەنیا بەندە بەو کارانەوە کە کەسەکە دەیکات. لە درێژەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک بۆ ڕێگری لەم نەخۆشییە دراوە:
ڕێژەیەکی پێویست ئاو بخۆن
کەمبوونی ڕێژەی ئاو لە جەستەدا یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی سەرئێشە. ئەوانەی کە تووشی کەمبوونی زۆری ئاون لە جەستەدا، دەتوانن بە خواردنی ئاو، نیشانەکانی سەرئێشە لە ماوەی 30 خولەک تا سێ کاتژمێر لە ناو ببەن. کەمبوونی ئاو لە جەستەدا هەروەها دەتوانێت لە ڕووی کاردانەوەکان و هەڵسووکەوتی کەسەکەوە کاریگەری هەبێت و نیشانەکانی سەرئێشەش زیاتر دەکات.
حەبی زۆر بەکار نەهێنن
ئەگەر یەک یان دوو جار لە مانگدا تووشی سەرئێشەی زۆر دەبن، بەکارهێنانی حەبێکی ئەسپرین یان دەرمانەکانی هاوشێوەی دەتوانێت کاریگەریی هەبێت.
بەڵام زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەش هۆکاری زیاتربوونی سەرئێشەکەن.
وەرزش بکەن
ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکان وەک هەنگاوێکی ڕێگری لە سەرئێشە دادەنرێت. بە وەرزشکردن ترس و دڵەڕاوکێ لە ئێوە دوور دەبێتەوە. وەرزشکردن لە کاتی سەرئێشە بە مەرجی ئەوە قورس نەبێت، دەتوانێت لە دابەزاندنی ئێش و ئازارەکە یارمەتیدەر بێت. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە لە کاتی زیاتربوونی سەرئێشە نابێت وەرزش بکرێت لە بەر ئەوەی کە نەخۆشییەکە زیاتر دەکات.
هەناسەدانی قووڵ
هەناسەدانی قووڵ یەکێکی دیکەیە لە ڕێگاکانی پێشگری لە توشبوون بە سەرئێشە.
زۆر نەخەون
خەوتن دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشی سەرئێشە لە زۆربەی خەڵک بەڵام زۆرخەوتنیش کاریگەری خەراپی هەیە.
بەنیوەچڵی نەخەون
ئەگەرچی ڕەنگە کە خەوێکی نیوەچڵیش بتوانێت ڕێژەی سەرئێشەکەی ئێوە کەم بکاتەوە بەڵام ئەگەر سەرئێشەتان نییە هەوڵ بدەن خەوی نیوەچڵی نەکەن، لە بەر ئەوەی کە ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ نەخۆشییە قورسەکانی سەرئێشە.
شێوازی خەوتن
شێوازی خەوتن زۆر گرنگە، تەنانەت خەوتن بە ڕووی گەدەدا دەتوانێت ماسولکەکانی مل بخاتە ژێر کاریگەری و ببێتە هۆکارێکی سەرئێشە. بەڵام بە پشتەوە خەوتن دەتوانێت ڕێگری لە سەرئێشە بکات.
سەرپێچ بەکار بێنن
پێشتر پیرەژنەکانی کۆمەلگای خۆمان بۆ چارەسەرکردنی سەرئێشە جۆرێک سەرپێچیان بەکار دەهێنا، لە ڕووی پزیشکییەوە دەرکەوتووە کە ئەو شێوازە کاریگەریی لە سەر کەمبوونەوەی سەرئێشە هەیە.
کاتێکی زۆر لە بەر تیشکی هەتاودا نەمێننەوە
تیشی هەتاو یان تەنانەت ڕووناکی گڵۆپەکان، تەلەفزیۆن و شاشەی کۆمپیۆتەر دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لە سەر چاوەکان دابنێت و لە ئاکامدا ببێتە هۆکاری توشبوون بە سەرئێشە. ئەگەر لە دەرەوەن و بە ناچار لە بەر تیشکی هەتاو، دەتوانن چاویلکەی دژە هەتاو بەکار بێنن.
ڕێژەی کافایینی بەکارهێنراو دەبێت گونجاو بێت
ئەگەر ئەو ڕێژە کافایینەی کە پێی ڕاهاتوون بەکار نەهێندرێت، ڕەنگە ببێتە هۆکاری سەرئێشە. ئەڵبەت بەکارهێنانی ڕێژەی زۆری کافایینیش خۆی هۆکارێکی سەرئێشەیە. هەر بۆیە باشترە ڕێژەی بەکارهێنانی دوو پەرداخ لە ڕۆژدا بێت.
هەندێک خواردن بەکار نەهێنن
بۆ هەندێک کەس ڕەنگە خواردنی شیر یەکێک لە هۆکارەکانی توشبوون بە سەرئێشە بێت، بەدەر لە شیر چەندین خواردنی دیکەش ڕەنگە هەمان کاریگەرییان هەبێت، وەک:
شیرینییەکان – شوکولاتە – مادە کحولییەکان – دۆندرمە – خۆراکە ئامادەکراوەکان.
جگەرە بە لاوە بنێن
کێشانی جگەرە دەتوانێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە جەستە منۆکسیدی کاربۆن بۆ خۆی ڕابکێشێت، ئەم گازەش کاریگەری نەرێنیی لە سەر سوڕی خوێن لە مێشکدا هەیە.
ڕاهاتن و ڕازیبوون بە ژیان
سەرئێشە لە نێو گەنجاندا زۆر دەبینرێت، ئەم کەسانە گوشارێکی زۆریان لە سەرە، بە تایبەت بۆ دەستخستنی بژێوی ژیان یان بەخێوکردنی ئەندامانی خێزانەکەیان. دابەزاندنی ئاستی چاوەڕوانییەکان لە خۆ و کەسانی دیکە دەتوانێت هەنگاوێکی بەسوود بێت.
سترێس کۆنتڕۆڵ بکەن
سترێس یەکێک لە هۆکارەکانی توشبوون بە سەرئێشەیە. دەبێت سەرچاوەی سترێس بدۆزنەوە و ئەوەش چارەسەر بکەن، بۆ ڕێگری لە سترێس دەتوانن وەرزش بکەن.
لە بەرزاییەکاندا ئەسپرین و ڤیتامین C بەکار بێنن
لە بەرزاییدا زووتر تووشی سەرئێشە دەبن بەڵام بەکارهێنانی حەبی ئەسپرین و ڤیتامین C دەتوانیت کاریگەریی لە ڕێگری لەمەشدا هەبێت.
ئەڵبەت پێش هەموو شتێک دەبێت ڕاوێژ بە پزیشکەوە بکەن، بە تایبەت لە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زیاتر لە ڤیتامینەکان.
کەی سەرئێشە دەبێتە کێشەیەکی جیدی؟
هەر کەسێک ڕەنگە تووشی سەرئێشە بێت، ئەمەش هێندە گرنگ و مەترسیدار نییە بەڵام هەندێک کاتیش سەرئێشە هۆشدار و پەیامێکە بۆ نەخۆشییەکانی دیکە.
توشبوون بە سەرئێشە لەم کاتانەدا دەتوانێت هۆشدارییەک بێت:
کەسانی تەمەن سەروی 40 ساڵ کە تا ئێستا سەرئێشەیان نەبووە.
گۆڕانکاری لە شوێنی سەرئێشە.
زیاتربوونی سەرئێشە.
کەمبوونی مەودای نێوان سەرئێشە.
ئەو سەرئێشانەی کە هۆکار و نموونەیەکی ڕوونیان نییە.
ئەو سەرئێشانەی کە ژیانی ڕۆژانە تێک دەدەن و دەبنە هۆی بەجێهێشتنی شوێنی ئیشکردن لە کاتە جیاجیاکاندا.
ئەو سەرئێشانەی کە چەندین نیشانەی وەک سەرگێژە، لێڵبوونی چاو و دابەزینی ئاستی ووشیارییان هەیە.
ئەو سەرئێشانەی کە کێشەی پزیشکی دیکەیان لە گەڵە./.