بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە کۆنفرانسی ناوچەیی بەغدا شەممەی داهاتوو بەڕێوە دەچێت و وڵاتانی بانگهێشتکراو بە ئەرێنی وەڵامی عێراقیان بۆ بەشداری لەو کۆنفرانسەدا داوەتەوە.
ناوبراو وتی کە عێراق بانگهێشتی هەر 5 ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە و بڕیارە ئەو وڵاتانە باڵیۆزەکانی خۆیان بۆ ئەو کۆنفرانسە بنێرن.
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بەوەی کە بۆ سوریا بانگهێشت نەکراوە، وتی: دۆسیەی سوریا ناکۆکیی لە سەرە و لە دەستی ئێمەدا نییە، ئێمە پەیوەندی زۆر باشمان لە گەڵ دیمەشق هەیە و هیچ کات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لە گەڵ ئەو وڵاتە ڕانەگرتووە.
فۆئاد حوسێن وتی: بەغدا بەردەوام داوای گەڕانەوەی پێگەی عەرەبی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی سوریای کردووە بەڵام دۆسیەی ئەو وڵاتە کێشە و ناکۆکیی لە سەرە و بە بۆچوونی من برایانی سوری خۆیان لەم بابەتە ئاگادارن./.