بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لین ئۆ دانێل لە سەر زاری سەرچاوەکانی نزیک لە تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە سەرکردەکانی ئەم گرووپە ئەنجومەنێکی 12 کەسی بۆ ئیدارەی ئەفغانستان پێک دێنن و ڕەنگە هەندێک وەزارەتیش بە کەسانی حکومەتی پێشوو بدرێت لە بەر ئەوەی کە دەیانەوێت لە ئێستادا ڕای گشتی ئەفغانستان لە دژی ئەوان نەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە مەلا عەبدولغەنی برادەر، مەلا محەممەد یەعقوب کوڕی مەلا محەممەد عومەر سەرکردەی پێشووی تاڵیبان و خەلیل ڕەحمان حەقانی، سێ کەسی سەرەکی و دەستڕۆیشتووی ناو ئەو ئەنجومەنە دەبن.
دانێل هەروەها ڕایگەیاندووە کە پێکهێنانی ئەنجومەنەکە لەوە ڕێگری دەکات کە پۆستەکانی سەرۆک کۆمار یان میری ئەفغانستان جارێکی دیکە بێنەوە ناو پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە و سەرکردەکانی تاڵیبان دەیانەوێت کە حکومەتەکەیان وەک حکومەتێکی بنکەفراوان سەیر بکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە مەلا عەبدولغەنی و مەلا یەعقوب لەو بڕوایەدان کە ناوی کوڕەکەی ئەحمەد شا مەسعودیش لە ئەنجومە 12 کەسییەکەدا هەبێت بەڵام ئەستەمە کە سەر بگرێت./.