بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کێشی زیادە و قەڵەوی منداڵەکان بە زۆرینە لە سەردەمی خوێندنی سەرەتایی دەست پێدەکات. ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەیە، لە بەر ئەوەی کە زۆربەی ئەو منداڵانەی کە کێشی زیادەیان هەیە، بە هەڵکشانی تەمەنیش هەر ئەو گرفتەیان لە گەڵ دەبێت. باوک و دایک کاریگەری زۆریان لە سەر سیستەمی خۆراکی و شێوازی ژیانی منداڵان هەیە. ئەڵبەت تەکنیکەکانی ماڵەوەش بێ کاریگەر نییە. بۆ ئاشنابوون لە گەڵ شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی قەڵەوی و کێشی منداڵان، ئەم بابەتەی خوارەوە بخوێننەوە.
گۆڕانکاری لە سیستەمی خۆراکیی سەرجەم ئەندامانی خێزان
هەڵبژاردنی خواردنی تەندرووست و چالاکی زیاتر، لە بەرژەوەندی سەرجەم ئەندامانی یەک خێزانە. هەر بۆیە هەوڵ بدەن بەدەر لە منداڵان، ئەندامانی دیکەی خێزان بخەنە ڕیزی ئەم گۆڕانکارییەوە. لەم حاڵەتەدا ئەگەر ئەندامانی دیکەی خێزان تووشی کێشی زیادە و قەڵەوی بن، بە ئاسانی دەتوانن بگەنە کێشی تەندرووست و خوازراوی خۆیان.
لەم پێناوەدا، ژەمە خۆراکی تەندرووست لە نێوان ژەمە سەرەکییەکاندا ئامادە بکەن. منداڵان بە گشتی حەزیان لە خواردنی پێشوەختە هەیە و نابێت ئەمە لەبیر بکەین. ئەو خواردنانەش بەکار بێنن کە ڕێژەی کالۆرییان کەمترە، وەک میوە و سەوزە.
هەوڵ بدەن منداڵانەکانتان بە خواردنی ئاو و شیری کەم چەور ڕابێنن و لە خواردنە گازییەکان ئەوان دوور بخەنەوە.
وەرزشکردن و چالاکی لە گەڵ منداڵان
لە گەڵ منداڵەکانتان پیاسە بکەن، پاسکیل سواری بکەن، وەرزش بکەن. ئەو منداڵانەی دەچنە قوتابخانە لانیکەم لە ڕۆژدا پێویستیان بە 60 خولەک چالاکی هەیە. بینینی تەلەفزیۆن و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ ئەو منداڵانەی کە دەچنە قوتابخانە بۆ دوو کاتژمێر لە ڕۆژدا کەم بکەنەوە، بۆ منداڵانی دیکەش دەبێت لە ڕۆژدا کەمتر لە یەک کاتژمێر بێت.
ئەگەر کۆرۆنا ڕێگر نەبێت و دەوامی قوتابخانەکان ئاسایی ببێتەوە، گرنگیدان بەم چەند خاڵەی خوارەوەش پێویستە:
بۆ فێربوونی شێوازی ژیانێکی تەندرووست بۆ منداڵەکەتان، پرسیار لە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکەی بکەن.
هیچ ژەمە خۆراکێکی پڕچەور وەک پەتاتەی سوورەوکراو بە منداڵەکان نەدەن کە لە گەڵ خۆیان بیبەنە قوتابخانە.
منداڵەکان فێری ئەوە بکەن کە لە قوتابخانە تەنیا گرنگی بە خواردنی ئاو بدەن نەک خواردنە گازییەکان.
شێوازی خواردنی تەندرووست لە قوتابخانەش فێری منداڵەکان بکەن.
ئەوەشتان لەبیر بێت کە:
باوک و دایک ڕۆڵی گرنگیان لە هاوکاریکردنی منداڵەکان بۆ گەیشتن بە سیستەمی خۆراکی تەندرووست هەیە. ئەو کاتانە کەم بکەنەوە کە منداڵەکان سەیری تەلەفزیۆن و یارییەکان دەکەن، ئەوان بۆ چالاکی زیاتری جەستەیی هان بدەن.
ئەگەر تەواوی ئەندامانی یەک خێزانیش کێشی زیادەیان هەبێت و قەڵەو بن، بە ئاسانی دەتوانن بگەنە کێشی خوازراوی خۆیان، بە مەرجێک کە هەموویان شێوازی ژیانی خۆیان تەندرووست بکەن./.