بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوسەرگیری باش و هەڵبژاردنی هاوسەری گونجاو یەکێک لەو بڕیارە گەورانەیە کە زۆربەی خەڵک لانیکەم یەک جار تاقیدەکەنەوە، لە بەر ئەوەی کە کاتێک کەسێک ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێت سەرجەم ئامانجەکانی ژیان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو بڕیارە و گۆڕانکارییەکانی.
خەڵک بە گشتی پێش هاوسەرگیری وێنایەکی خەیاڵییان بۆ خۆیان هەیە کە لە پاش ئەو ڕووداوە هیچ کێشەیەک نییە و سەرجەم کارەکان بە دڵی ئەوان بەرەو پێش دەڕوات. بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە. ڕاوێژی پێش هاوسەرگیری یارمەتیدەری ئێوە دەبێت تا سەرجەم خوێندنەوە هەڵەکانی پێشوو بەلاوە بنێن و بە تێڕوانینی ڕاست و درووست لە هاوسەرگیری بڕوانن.
گرنگی ڕاوێژی پێش هاوسەرگیری بۆ هەبوونی ژیانێکی خێزانی تەندرووست و بە وزە و درووستکردنی پەیوەندییەک لە سەر متمانەی دوو لایەنە زۆرە و کێشە و بابەتی زۆریش هەیە کە کوڕ و کچ پێش هاوسەرگیری دەبێت تاوتوێی بکەن.
پسپۆڕێکی بواری دەروونناسی خێزانی و مامۆستای زانکۆ لە ئێران لە سەر ئەم تەوەرە ڕایگەیاندووە کە بە پێی ئەوەی کە ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاوسەرگیرییەکان تووشی کێشە و تەنانەت جیابوونەوە دەبن، هەڵبژاردنی هاوسەر لە سەر بنەمای درووست، گرنگترین بڕیاری ژیانە. ئەگەر جیابوونەوەیەک ڕوو دەدات بە واتای ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە کێشەی هەبووە یان شێوازی ژیان گونجاو نەبووە. خۆشبەختی و ڕەزامەندی لە ژیان، بابەتێک نییە کە بە پێی شانس دابین بکرێت بەڵکوو ڕێڕەوی ڕاست و درووستی خۆیی هەیە.
هوما بەهمەنی وتی: بۆ هەڵبژاردنێکی درووست دەبێت چەند بنەمایەک لە بەرچاو بگرین. یەکەمین بنەما لە هەڵبژاردنی هاوسەر، خۆناسینە، بە واتای ئەوەی کە کوڕ و کچ لە پێش هاوسەرگیری ئەو ئەزموونە وەربگرن کە ئەویش خۆناسینە، ئەو کەسەی کە خۆی بە باشی بناسێت و ئامانجەکانی خۆیی دیاری کردبێت دەتوانێت لە هەڵبژاردنی خۆیدا باشتر هەنگاو بنێت و کەمتر تووشی کێشە بێت.
ئەو دەروونناسە لە درێژەدا وتی: بۆ نموونە، دوو جۆر کەسایەتیمان هەیە، ئەوانەی گرنگی بە خۆیان دەدەن و ئەوانەی گرنگی بە دەرەوە دەدەن. ئەوەی کە گرنگی بە خۆی دەدات زیاتر لە تەنیایی چێژ وەردەگرێت و ئەوی دیکە حەزی لە پەیوەندی زۆرە لە گەڵ دۆستان و خزم و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا. ئەگەر ئەم دوو جۆرە کەسایەتییە پێش هاوسەرگیری خۆیان نەناسیبێت لە هەمان سەرەتاوە بۆ نموونە لە سەر ڕۆیشتن بۆ میوانییەک تووشی کێشە دەبن.
وتیشی: زۆربەی شارەزایانی بواری دەروونناسی لەو بڕوایەدان کە پێش هاوسەرگیری، کوڕ و کچ دەبێت تاقیکردنەوەی دیاریکردنی جۆری کەسایەتی خۆیان بدەن و چارەسەری زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانەی هەیانە بیکەن، هاوسەرگیری ناتوانێت شیفایەک بۆ کێشەی کەسایەتی کوڕ و کچ بێت و بڕیار نییە کەسێک لە ڕێگای هاوسەرگیرییەوە لە گەڵ کچێک کێشە دەروونییەکانی یەکتر چارەسەر بکەن و یەکتر بگۆڕن.
ناوبراو چەند پرسیارێکی بۆ ناسینی جۆری کەسایەتی کوڕ و کچ خستووەتەڕوو کە لە درێژەدا هاتووە:
1 – لە کەسی بەرامبەرتان داوا بکەن کە دوو بیرەوەری سەردەمی منداڵی لە پێش تەمەنی 7 ساڵەیی بگێڕێتەوە.
بە گشتی بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەکان لای خەڵک دەمێننەوە.
ئەو دەروونناسە وتی کە خەڵک لێرەدا بە سەر سێ بەرەدا دابەش دەکرێن:
کەسی سەوز: کاتێک لە کەسی بەرامبەرتان داوا بکەن کە شتێک لە سەردەمی منداڵی خۆی بگێڕێتەوە، شتی ئاسایی دەگێڕێتەوە، بۆ نموونە، چوومە میوانی، گەشت و سەیران. ئەم کەسانە پێیان دەڵێن نۆرماڵ و تۆیش لە پەیوەندی لە گەڵیدا بە پێی ستانداردەکان هەڵسووکەوت دەکەیت.
کەسی زەرد: کاتێک داوای لێبکەن کە بیرەوەرییەک بگێڕێتەوە، ڕووداوی تاڵ و نیگەرانکەرەوە دەگێڕێتەوە. بۆ نموونە، پاسکیلم کڕی و لێم ون بوو، یان گەشتی شوێنێکم کرد و لەوێ ون بووم. ئەو کەسانە زیانیان پێگەیشتووە و ڕەنگە حەز لە پەیوەندییەکی سۆزداری بکەن. دەبێت زیاتر گرنگیی پێبدرێت. لێرەدا کە دەبێت بزانین ئایا دەتوانین ئەو هەلومەرجە قبووڵ بکەین و زیاتر حەز و خۆشەویستی بەرامبەر بەو کەسانە پیشان بدەین.
کەسی سوور: کاتێک بیرەوەرییەک دەگێڕنەوە بە تەواوی شەڕ و ململانێیە. ئەوان لە ڕیزی ئەو کەسانەدان کە نابێت پێش چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵیان هاوسەرگیری بکرێت.
2 – ئامانجەکانمان دیاری بکەین
بەهمەنی وتی: بۆ هەبوونی هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتوو دەبێت بزانین چ ئامانج و چاوەڕوانییەکمان هەیە. ئامانجەکانی خۆمان و هاوسەرەکەمان دیاری بکەین. دەبێت بزانین کە لە پێناو گەیشتن بە هاوسەرێکی گونجاو تا چەندە هەوڵمان داوە. بۆ نموونە، دەمەوێت هاوسەرەکەم خوێندەواری زانکۆی هەبێت. لانیکەم دەبێت خۆیشم دەرچووی زانکۆ بم.
3 – کەسی بەرامبەرمان دەبێت بناسین
ئەو دەروونناسە لە درێژەدا وتی: ناسینی کەسی بەرامبەر و ئامانجەکانی زۆر گرنگە. وتووێژ یەکێک لەو ڕێگایانە کە دەتوانین کەسی بەرامبەری پێ بناسین. دۆستان و ئەوانەی پەیوەندییان زیاتر لە گەڵیدا هەیە بناسین. لێی پرسیار بکەین کە کام کتێب دەخوێنێتەوە و چ فیلمێک دەبینێت، کام وەرزش دەکات، هەموو ئەمانە بۆ ناسینی لایەنی بەرامبەر گرنگە و بە پێویست دادەنرێت.
4 – کاتی توڕەبوون پەنا بۆ چ کارێک دەبەن؟
هوما بەهمەنی وتی: ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە. زۆربەی ناکۆکییەکان لەم بەشەدا ڕوو دەدات. کاتی توڕەبوون کەسەکە چۆن خۆی کۆنتڕۆڵ دەکات؟
ناوبراو وتی: ڕەنگە هەندێک کەس بڵێن کە ئایا لە ڕابردوودا باوکان و دایکان سەردانی دەروونناسیان کردووە یان تاقیکردنەوەی دەروونناسییان داوە؟ پێویستە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بوترێت کە شێوازی ژیان گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتووە. لە ڕابردوودا ژیانی خێزانی جیاوازی زۆری هەبووە، کاتی وا هەبووە کە چەند خێزانێک پێکەوە لە ماڵێکدا بوون و وردەکاری ژیانی یەکتریان زانیوە. ئەمڕۆ ژیانی خێزانەکان بچووک بووەتەوە و داخراوترە. لە ڕابردوودا منداڵەکان شێوازی ژیانیان لە باوک و دایک یان برا و خوشکی گەورەتر لە خۆیان وەردەگرت و تا ڕادەیەکی زۆر هەر بەو شێوازەدا داهاتووی خۆیان دیاری دەکرد بەڵام ئەمڕۆ خەڵک کاریگەری زۆر لە شتی دیکە وەردەگرن.
ئاشکراترین سوودێک کە ڕاوێژی پێش هاوسەرگیری و سەردانیکردنی دەروونناس هەیەتی، ئەوەیە کە کوڕ و کچ هەنگاوی پتەوتر بۆ ژیانی نوێی خۆیان هەڵدەگرن. دەروونناسی پێش هاوسەرگیری دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوڕ و کچ یەکتر بناسن و بتوانن ڕوبەروی ئەو کێشە و قەیرانانە ببنەوە کە لە داهاتوودا بەرۆکی ئەوان لە ژیانی هاوبەشدا دەگرێتەوە.
ئێوە و هاوسەری داهاتووتان ڕەنگە چاوەڕوانی و تێڕوانینی جیاتان سەبارەت بە ژیانی هاوبەش و خوازراو هەبێت. بە ڕێنماییەکانی پێش هاوسەرگیری دەتوانن بە لێک تێگەیشتنی زیاتر پێ بنێنە نێو ژیانی داهاتووی خۆتان و ئاسۆی باشتر بۆ داهاتووی خۆتان و منداڵەکانتان دیاری بکەن./.